کانونی یه‌که‌م 16, 2022 17:31 Asia/Tehran
  • هه‌ده‌په‌: ئەگەر پشت لە پارتەکەی ئێمە بکرێت، ھەمیسان ئەردوغان سەردەکەوێتەوە

هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایگه‌یاند، هه‌ر کاندیدێکی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن پارتەکەی ئێمەوە پشتیوانیی لێ بکرێت سه‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشت بکه‌نه‌ هه‌ده‌په‌ دیارە ھەمیسان ھەر ئه‌ردۆغان سه‌رده‌که‌وێته‌وه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیایەکی ھەرێمی کوردستان،«مه‌دحه‌د سنجار» هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌وه‌ دڵنیابین که‌ ئه‌و کاندیده‌ له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا ده‌رده‌چێت که‌ پارته‌که‌یان پشتیوانیی لێ بکات، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانیش بکه‌ونه‌ دانوستانی ئاشکرا له‌گه‌ڵیان و  ڕێکبکه‌ون، ئه‌وه‌ ده‌کرێت هه‌ده‌په‌ پشتیوانیی کاندیده‌که‌یان بکات.

وتیشی: تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن نه‌یتوانیوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئەو بیرکردنه‌وه‌ ڕەگەزپەرستانەیە بێته‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت دایڕشتوه‌، ئه‌ردۆغانیش له‌روبه‌روبونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا گرفتێکی ئه‌وتۆی نییه‌، چونکه‌ ئۆپۆزسیۆن بەس  له‌یاریگا بەرتەسکەکەی خۆیدا یاری ده‌کات.

هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌سکاڵاکانی داخستنی پارته‌که‌شی ئاشکرای کرد، ئامانجی سه‌ره‌کیی له‌و سکاڵایانه‌ بریتییه‌ له‌ له‌ناوبردنی بوونی پارته‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان و ڕێگری کردن له‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی کە لە ڕووی پەیوەست بوون بە ڕەوتی  گەشەدار کردنی تورکیاوە ھەیانە، بۆیه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و کوتله‌که‌ی ئاسان ده‌که‌ن.

«مه‌دحه‌د سنجار» باسی له‌وه‌شکرد، ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ داخرا، پلانمان هه‌یه‌ له‌ڕێگای دروستکردنی پارتێکی نوێوه‌ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2023 بکه‌ین، بۆیه‌ به‌داخستنی هه‌ده‌په‌ ئێمه‌ له‌ناو ناچین.

 

سەرپەیڤ