پشتگریی جەماوەری تورکیا لە باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا
ئەنجامی ڕاپرسییەک وای دەرخستووە کە لەسەدا ٥٩ ی هاووڵاتیانی تورکیا پشتیوانی لە کۆبوونەوەی نێوان «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیاو «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە ئانکاراوە، کۆمپانیای ڕاپرسیی میترۆپۆل دوێنێ هەینی بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە ڕایگەیاند: جگە لەوەی 59% لەگەڵ کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەدن، 28% دژینی و 12% هیچ بۆچوونێکیان نییە.
ئەردۆغان، لە دیداری ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دەستەڵاتداری دادو گەشە، هیوای بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکانی ڕووسیا و سوریا دەربڕی و ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا و سوریا لە مۆسکۆ پڕۆسەیەکمان دەست پێ کردووە کە دوای ئەوە وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات کۆدەبنەوە و بەپێی پێشهاتەکان سەرۆکی ھەر سێ وڵاتەکەش چاویان بە یەکتر دەکەوێت.
هەرچەندە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا چەندین جار ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریادا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەردۆغان بۆخۆی خواست و هیوای بۆ ئەم پرسە دەردەبڕێت.
میدیاکانی تورکیا باسی کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەم وڵاتە و سوریا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەکەن.