نوعمان کورتولمووش: جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێک نابێت بە زمانی فەرمیی تورکیا
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێک وەک زمانی فەرمی لە تورکیا قبووڵ ناکرێت و ئەم بابەتە ناکەوێتە بەر گفتوگۆ.
نوعمان کورتولمووش هەروەها ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی هەموو ئەندامەکانی پەکەکە بەوانەی سووریاشەوە (هێزەکانی سووریای دیمۆکرات/هەسەدە) چەکەکانیان دانەنێن، هیچ چاکسازیێکی یاسایی بۆ ئەم پڕۆسەیە ئەنجام نادرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەیاننامەی عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرووپە و دواتر سووتاندنی سیمبۆلیکی چەکەکان لە سلێمانی، بە خاڵی گرنگی ئەم پڕۆسەیە زانی و وتی، پێویستە ئەم هەوڵانە بەردەوام بن و ڕادەستکرانی چەک بە شێوەیەک بێت کە ڕازیبوونی ڕای گشتیی تورکیا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
کورتولمووش هەروەها سەبارەت بە پرسی پەروەردەی زمانی دایکیش وتی، جگە لە تورکی هیچ زمانێک بۆی نییه وەک زمانی فەرمی باسی لێوە بکرێت.