یاسای ئاشتی، دەسپێکی قۆناخێکی مێژووییە/ پرسی کورد، پرسی تیرۆریزم نیە
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i445820-یاسای_ئاشتی_دەسپێکی_قۆناخێکی_مێژووییە_پرسی_کورد_پرسی_تیرۆریزم_نیە
تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێشنیازی "یاسای بەهێزکرانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی جڤاکی"یان نەک بە کۆتاییەک، بەڵکوو بە دەسپێکی قۆناخێکی مێژوویی لەئاراستەی چارەسەریی دیموکراتیکی پرسی کورد، وەسف کرد.
(last modified 2026-08-06T14:09:59+00:00 )
ئاب 06, 2026 17:39 Asia/Tehran
  • یاسای ئاشتی، دەسپێکی قۆناخێکی مێژووییە/ پرسی کورد، پرسی تیرۆریزم نیە

تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێشنیازی "یاسای بەهێزکرانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی جڤاکی"یان نەک بە کۆتاییەک، بەڵکوو بە دەسپێکی قۆناخێکی مێژوویی لەئاراستەی چارەسەریی دیموکراتیکی پرسی کورد، وەسف کرد.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) هاوڕێ لەگەڵ جێگرانی سەرۆک فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان، ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆن لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ڕوانگەکانی خۆیان لەبارەی پێشنیازی یاسای "بەهێزکرانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی"شیکردەوە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە سەرەتای وتاردانەکەی جەختی کرد؛ تورکیا لە یەکێ لە قۆناخە گرینگ و مێژووییەکانی خۆیدایەو ئەوەی وا لە پەرلەمان خەریکە سەردەگرێ، دەسکەوتی خولێکی درێژماوەی وتووێژ و هەوڵدان بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کوردە.

ناوبراو بە ئاماژە بە پێکهاتنی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی" وتی: ئەو کۆمیسیۆنە یەکێ لە خاڵە گرینگەکانی پرۆسەی دانوستاندن بوو و راپۆرەکەشی بە جەخت کردنەوە لەسەر پێویستیی چارەسەریی پرسی کورد، گرینگییەکی مێژوویی بووە. ناوبراو جەختی کرد، ئەو یاسایە بەتەنیا ناتوانێ بابەتێک بە پێشینەی سەدەیەک چارەسەر بکا، بەڵام دەتوانێ یەکەم هەنگاوی مافەوانی و سیاسی بێ بەمەبەستی دەربازبوون لە دۆخی هەنووکە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کرد، پرسی کورد نابێ لە چوارچێوەی ئەمنی و تیرۆریزمدا پێناسە بکرێ و وتیشی : ئەو مەسەلە ڕەهەندی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی هەیە کە تەنیا لەڕێی وتووێژ و دیموکراسییەوە چارەسەر دەبێ.

تونجەر بەکرخانیش بەئاماژە بە گرینگیی بارودۆخی ئێستاکە، ئەو پرۆسەی بە دەرفەتێک بۆ هەموو هاووڵاتیانی تورک زانی و وتی: ئەو یاسایە، دواوێستگە نیە بەڵکوو دەسپێکێکی گرینگ، بەنرخ و مێژووییە.

جەختیشی کرد؛ دەم پارتی سەرەڕای ئەو رەخنەو گازندانەی سەبارەت بە دەقەکە هەیەتی، پشتیوانی لە ئەسڵی ئەو هەنگاوە دەکا چونکە دەتوانێ ڕێگایەکی تازە بکاتەوە بۆ تێپەڕین لە قەیرانگەلی چەند دەیەی ڕابردوو.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە واژۆ و پشتیوانی سیاسی بۆ ئەم پرۆسەیە تەنیا کردەوەیەکی سەمبولیک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئاشتی و دیموکراسی و ئایندەیەکی هاوبەش بۆ ٨٦ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بەشداری لەو ڕێبازە مێژووییە بکەن.