دۆسییەی سێ هەزار و ٨٠٠ ئەندامی پەکەکە لە سێ گرووپدا تاووتوێ دەکرێ
پاش پەسەندکرانی یاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا، وردەکاریی پرۆسەی دادەوانیی پێش بینی کراو بۆ نزیک بە سێ هەزار و ٨٠٠ ئەندامی پەکەکە جێگیر لە هەژدە کەمپ، بڵاو کرایەوە. بەپێی ڕاپۆری میدیاکانی تورکیا، دۆسییەی ئەو کەسانە هاوتەریب لەگەڵ قۆناخی دادەوانیی لە سێ گرووپدا تاووتوێ دەکرێ و بۆ ئەندامانی داواکراویش پرۆسەیەکی جیا لەبەرچاو گیراوە.
بەپێی ڕاپۆری رۆژنامەی "نەفەس"، بۆ پێش گرتن بە قەرەباڵغیی دۆسییەکان لە دەزگەی داد، راگەیشتنەکان هاوتەریب لەگەڵ دۆخی هەر دۆسییەک لە سێ گرووپدا ئەنجام دەگرێ.
گرووپی یەکەم، کەیسی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزاکانیان یەکلایی بووەتەوە و دیاری کراوە کە بەشداری هێرشی چەکدارییان نەکردووە.
بڕیارە دۆسیەی ئەو کەسانە لە دادگاکانی جێبەجێکردنی سزاکاندا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و سزاکانیان لەگەڵ بڕگەکانی یاسای چوارچێوەدا هەڵسەنگێندرێ. کاتێک ئەم پرۆسەیە تەواو بوو، ڕێوشوێنی پەیوەست بە ئازادکردنیان دەگیرێتەبەر.
گرووپی دووەم ئەو بەندکراوانە لەخۆ دەگرێ کە دادگەییکرانیان جارێ هەر بەردەوامە. کەیسی ئەو کەسانە لە دادگەکانی سزای قورس بێ لێکدانەوەو بەپێی بنەماکانی یاسای تازە لەبارەیانەوە بڕیار دەدرێ.
لە گرووپی سێیەمیشدا دۆسییەی کەسانێک تاووتوێ دەکرێ کە سزاکانیان لە قۆناخی پێداچوونەوەو تانەلێدان دان یان لەبەردەم دادگای باڵادا هەڵپەسێردراوە. ئەو دۆسییانە دەبێ لەلایەن ناوەندەکانی دادەوانیی پەیوەندیدار، بەپێی یاسای چوارچێوە سەرلەنوێ تاووتوێ بکرێ.
بۆ ئەندامانی پەکەکە کە بڕیاری قۆڵبەست کرانیان بۆ دەرچووەو لە داڕشتی شاخ یان دامەزراوە ئوروپییەکانی ئەو ڕێکخراوەدان، پرۆسەیەکی جیاواز پێش بینی کراوە.
بەپێی ئەو پلانە، پاش خۆبەدەستەوەدانی ئەو کەسانە، لێدوانەکانیان تۆمار دەکرێ و سکاڵانامە لەهەمان رۆژدا ئامادە دەکرێ. پاشان دۆسییەکە لە دادگەی سزای قورسی تایبەتی تاوانە تیرۆریستییەکان دێتەئاراوە.
پێش بینی کراوە، دادگە پاش هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گرتن، بەپشت بەستن بە یاسای چوارچێوە لە بارەی ئازادکردنیان بڕیار بدا.
لەو ڕاپۆرەدا هەروەها ئیدیعا کراوە لە ٣٥ تونێلی ژێرزەوینی لە باکووری عێڕاق، ژومارێکی زۆری چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەر داگیراوە، بەم حاڵەش، وردەبابەتی زیاتر لەبارەی شوێن، کات و دامەزراوەی دۆزەرەوەی ئەو کەلوپەل و کەرەستانە نەخراوەتەڕوو.