دیداری لاڤرۆف و تیلێرسۆن بە تەوەرەی سووریاوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە سووریا و بابەتەکانی هاوپەیوەند بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئۆکرانیا وتووێژیان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسا، هێسێرنۆئێرت وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەک دا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: لە دیداری سێرگەیی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیاو ڕێکس تیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە پەراوێزی حەفتاودووهەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک دا ئەنجامی گرت، هەردووک لا بەڵێنی ئەوەیان دا هەتا ناکۆکی لە سەر هەڵمەتە سەربازییەکان و توندوتیژی لە سووریا کەم کەنەوەو بەستێن بۆ ڕەوتی دانوستانەکانی ژێنێڤ خۆش کەن. ماریازاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش وتوویەتی: ئەم دیدارە سەبارەت بە هاوکاری لە بارەی قەیرانی سووریاو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ڕێککەوتنی مینسک بەڕێوە چووە.
سێرگەیی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیاو ڕێکس تیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە حاڵێکدا چاویان بە یەکتر کەوتووە کە ناکۆکیی دیپلۆماسیانەی نێوان دوو وڵات بەرز بووەتەوەو لەدوا ئاڵ و گۆڕەکانیش دا واشێنگتۆن لە کاردانەوەدا بەرامبەر بە کەم کرانەوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە ڕووسیا کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە سانفرانسیسکۆ و دوو نوێنەرایەتیی بازرگانیی مۆسکۆی لە واشێنگتۆن و نیۆیۆرک دا داخست.
حەفتاودووهەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی سێ شەممە هەژدەی سپتامبەر دەستبەکار دەبێت.