هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای ئەمریکا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی پاکستان و ئەفغانستان
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند: فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای ئەمریکا هێرشیان کردۆتەسەر ناوچە سنوورییەکانی پاکستان و ئەفغانستان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا بەگێڕانەوە لە جیو تی ڤی پاکستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە هێرشی ڕۆژی چوارشەممەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بۆسەر ناوچەکانی کورەم ئەیجنسی، و ئۆرەکزەی ئەیجنسی لەنزیک سنووری پاکستان وئەفغانستان، دوو کەس کوژران.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وێڕای ڕەخنە گرتن لە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای ئەمریکا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی ئەمریکاو پاکستان، وتی: گرووپی هەقانی هیچ دەسوەردانێکی نەبووە لە هێرش بۆسەر ئۆردوگای پەنابەرانی ئەفغانستانی.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هەروەها دوێنێ لە بەیاننامەیەکی دیکەدا وێڕای شەرمەزار کردنی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکی بۆسەر ناوچەکانی کورەم ئەیجنسی، و ئۆرەکزەی ئەیجنسی ڕایگەیاند: ئەو کردە دەسدرێژکارانەیە زیانبەخشە بۆ هاوکاریی دوو وڵات لەبەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم.
بەرپرسان،نوێنەرانی پەرلەمانەکان و کەسایەتییە سیاسی و مەزهەبییەکانی پاکستان، پەلاماری ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە ، بە بەزاندنی سنووریی ئاسمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان دەزانن.