سووریا بووەتە ناوەندی بەرەوڕووبوونەوەی دەسەڵاتەکانی جیهان
ئەندامی پلەبەرزی کۆنگرەی ئەمریکا وتی: حکومەتی ئەمریکا دەبێ دامەزراوەی سەربازیی زیاتر لەسووریا بکاتە ئامانج و هەروەها بایکۆت و گەمارۆی نوێ بەسەر ئێران و ڕووسیا دابسەپێنێ.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی فەکس نیوز، مایکل مەک کال سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئیدیعای کرد، سووریا ئیدی تەنیا وڵاتی تێوەگلاوی شەڕ وکێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکوو ناوەندێکە بۆشەڕ کە زۆربەی دەسەڵاتە جیهانییەکان تێیدا لەگەڵ یەکتردا بەرەوڕوون.
مەک کال وتی: ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی بەریتانیاو فەڕانسە، هەموو بژارەکان لەوان، پەلامارە سەربازییەکان، -هاوچەشنی مووشەکەکانی تاماهاوکی کە سەرکەوتووانە چەندین ئامانجیان لەساڵی ڕابردوودا لە سووریا پێکا- لەسەر مێز دابنێن.
سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بانگەشەی کرد، جیهانی خاوەن شارستانییەت ناتوانێ ڕێگەبدات ئەو پەلامارە نامرۆییانە، بێ وەڵام بمێننەوە.
مەک کال وتی: دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆمار و حکومەتەکەی دەبێ بیر لە زەبروەشاندن لە ژمارێکی زۆرتر لە دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا بکەنەوە هەتا توانای حکومەتی ئەو وڵاتە لەڕێی ئاسمانەوە بەرتەسک بکرێتەوە.