بانگەواز بۆ خۆپێشاندانی سەرانسەری دژ بەشەڕ لە ئەمریکا
چالاکوانانی دژە شەڕ لە ئەمریکا ڕایانگەیاند کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە هێرش بۆسەر سووریا، لەشارە جیاجیاکان خۆپێشاندان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سپۆتنیک، هاوپەیمانیی نیشتمانیی دژە شەڕ(ئانتی وار) بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ هێرش کردنەسەر سووریا، خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە دەیان شار لەسەرانسەری ئەمریکا بەڕێوە دەبەن.
لەو بەیاننامەدا کە پاش پەلامارە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، فەڕانسەو بەریتانیا بۆسەر سووریا بڵاوکرایەوە، هاتووە: حکومەتی ترەمپ بێ هیچ ئیزننامەیەکی قانونی و لە پێشێلکردنی ئاشکرای یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، پەلاماری تاوانکارانەی خۆی لەدژ خەڵکی سووریا دەس پێ کردووە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە: خۆپێشاندانی ناڕەزامەندانە بە پەلامارە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆسەر سووریا جگە لە ئەمڕۆ شەممە، سبەی یەکشەممە ١٥ی ئاڤریلیش بەڕێوە دەچێ.
هاوپەیمانیی ئانتی وار ڕایگەیاند، کردە جەنگییەکانی ترەمپ هەمووانی خستووەتە مەترسی و کاتی ئەوە هاتووە هەتا نەیارەتی توند بکرێ لەگەڵ شەڕخوازیی بێ بڕانەوەی حکومەتی ئەمریکا.
پەلامارە دەسدرێژکارییەکانی ئەمریکا بەهاوبەشیی فەڕانسەو بەریتانیا بۆسەر سووریا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە بەبیانووی بانگەشەبۆکراوی پەلامارە شیمیاییەکان لە دومای دەمشق ئەنجامی گرت.