دانانی تۆڕی دراڤیی ئەورووپا، هەنگاوێکی درەنگ بەڵام جێی هیوایە
ئەنجام، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا نزیک بە 9 مانگان لە پاش چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی بایکۆتەکانی ئێران، ڕێکاری دراڤی ئەورووپییان بە ئامانجی هاسانکاری بۆ بازرگانی بە دراڤی بێجگە لە دۆڵار، لەگەڵ ئێران وەڕێ خست.
ڕێکارە دراڤییەکەی ئەورووپا «ئینستێکس» INSTEX ی ناوە و ئامانجی وەڕێ خستنی ئەم سیستەمەش، یارمەتیدانە بە پاراستنی بڕگە ئابوورییەکانی بەرجام بە قازانجی ئێران. ئەم تۆڕە دراڤییە لە یەکەم هەنگاودا، ئەو کەلوپەلانەی وا لە ڕیزی بایکۆتەکاندا نین وەکوو خواردەمەنی و دەرمان دەگرێتەوە تا بەو چەشنە سیستەمێک بۆ شێوازی پارەدان وەدی بێت! تۆڕی دراڤی ئینستێکس، کە دەبێ ئامرازێک بێ بۆ پاڵپشتی لە دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان ئەورووپا و ئێران، بنکەکەی لە پاریسدایە و بەرپرسەکەشی ئەڵمانیایە و کاری ژمێریاریشی وەئەستۆی بەریتانیایە.
فدریکا مۆگرینی – بەرپرسی سیاسەتی دەرەکیی یەکیەتی ئەورووپا:
" ئەمە هەنگاوێکی پۆزەتیڤە کە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلیز، وەکوو پشکداری سەرەتایی، ئەو سیستەمەیان دامەزراندووە و وەڕێیان خستووە. من زۆر پاڵپشتی و پێشوازیشی لێدەکەم و ڕام وایە بۆ بەڕێوە بردنی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران بابەتێکی پێویستە! "
"گەنگ شووانگ" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین:
ڕێکخستنی ئەم تۆڕە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمەڵگای جیهانییە و دەبێتە هۆی سەقامگیر بوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە پێی وتەی سێ وڵاتی پشکداری سیستەمەکە، ئەم تۆڕە دراڤییە لە هەنگاوی دواتردا ئەو کەلوپەلانە دەگرێتەوە کەوا بایکۆت کراون.
بەڵام بێتوو ئەو بابەتە دەستەبەر نەبێ و کومپانیا ئەورووپییەکان بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران هان نەدرێن، هێندە ناکرێت لە سەر کارامەیی ئەو سیستەمە لە بواری پووچەڵ کردنەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا، هیوادار بین!
لەلایێکی دیکەوە وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلیز، بەڕێوە چوونی ئەو سیستەمە لە گرێوی بەڕێوەچوونی FATF یان زانیوە و لە وتەگەلێکی زێدەخوازانەدا، وتوویانە کە ئێران دەبێ سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان و مووشەکە باڵستیکەکانی وتووێژمان لەگەڵ بکات.
ژان ئیولۆدریان – وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا:
ئەم هەنگاوە سیاسییە هەڵگری دوو پەیامە. یەکەم پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانی ئێمەیە لەبواری پاراستنی ڕێککەوتننامەی بەرجام و دووەمیش پاڵپشتییە لە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و قازانجی ئەو کومپانیانە وا پێبەندی ئێمەن.
هیکۆ ماس – وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا:
دەمانەوێ هەلەکە بقۆزینەوە و بەم چەشنە لەمەڕ دەوری ئێران لە ناوچەکە و هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی سووریا و مووشەکە باڵستیکەکانی ئێرانیش وتووێژ بکەین.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر بە داواکاریە زێدەخوازانەکانی واوەتر لە بەرجام گوتی: ئێمە بۆ دانوستانی ئەرێنی لەگەڵ ئەورووپا ئامادەین، هەڵبەت بە هەلومەرجی یەکسان و ڕێزی بەرامبەر.
بێگومان، دەستەبەربوونی ئەم سیستەمە دراڤییە، پێویستی بە هەنگاوی بەکردەی زیاتر هەیە لەلایان ئەورووپییەکانەوە. بەسەرەنجدان بە هەڵوێستی ئەمریکا لەمەڕ نەیارەتی نواندن لەگەڵ تۆمار کرانی تۆڕی دراڤی ئەورووپا و ئێران، ئەگەری بەردەوامبوونی کێشەی جیددی لە نێوان واشنتۆن و ئەورووپا لەسەر بەڕێوەچوونی بەکردەوەی ئەو تۆڕە لەئارادایە، سەرباری ئەوەش، ماڵپەڕی "بلوومبێرگ" نووسیویەتی: ڕێکخستنی تۆڕی ئینستێکس (ئامرازی پشتیوانی دانوستانی دراڤی) لەگەڵ ئێران ، پیشاندەری خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگە لە پەیوەندی لەگەڵ هەوڵەکانی ئەورووپا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکا.