نیسان 03, 2019 20:07 Asia/Tehran
  • سەقامگرتنی دەیان لەشکریی چین لە دوورگەیەکی ڤێنزۆئیلا

لە پاش ڕووسیا،دەیان لەشکریی چینیش لە دوورگەیەکی ڤێنزۆئیلادا سەقامیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، پنر لە ١٢٠ لەشکریی سوپای چین چوونە نێو دوورگەی «مارگاریتای» ی وڵاتی ڤێنزۆئیلا بە مەبەستی یارمەتی دانی مرۆڤدۆستانەو سەربازی بە ھێزە دەوڵەتیەکانی ئەم وڵاتە.

بەرلەمە یەکەم باری یارمەتیی داوودەرمانی چین بۆ خەڵکی ڤێنزۆئیلا داگری ٦٥ تەن داوو دەرمان و کەرەستەی پزیشکی گەییشتبووە کاراکاسی پێتەختی ئەم وڵاتە.

ھاوکات «ڤلادیمیر پاردینۆ لۆپێز» وەزیری بەڤانیی ڤێنزۆئیلا لەم دواییەدا وێڕای ڕەت کردنەوەی دەستوەردانی ئەمریکا لە پرسی ناردنی فڕۆکەی سەربازیی ڕووسیا بۆ وڵاتەکەی، جەختی کرد: ھاوکارییە سەربازییەکانی کاراکاش و مۆسکۆ بابەتێکی ئاساییە.

بە قسەی «ڤلادیمیر پاردینۆ لۆپێز» وەزیری بەڤانیی ڤێنزۆئیلا  ھاوکارییە سەربازی و تەکنییەکانی نێوان کاراکاس و مۆسکۆ کە بە مەبەستی پەرە پێ دانی ڕادەی لە سەرھەست بوونی سوپای ڤێنزۆئیلا بۆ ئەنجام دانی ئۆپراسیۆن ھەر لە ساڵی ٢٠٠١ەوە بەردەوام بووە، بابەتێکی نھێنی نییە.

سوپای ڤێنزۆئیلا لە ئێستادا دەستی کردووە بە دامەزراندنی سیستێمی دژە ئاسمانیی ئێس-سێسەدی ڕووسی کە ئەم ھەنگاوە وەک ھێمایەک لە ڕۆڵگێڕانی ڕووسیا لەمەڕ پشتگری کردن لە «نیکۆلاس مادۆرۆ»ی سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئیلا دێتە ئەژمار.

جێگای ئاماژەیە "خوان گۆوایدۆ"ی ڕێبەری نەیارانی دەوڵەتی ڤێنزۆئێلا ٢٣ ی ژانویە بە پشتگریی ئاشکرای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، خۆی وەک سەرۆک کۆماری ڤەنزوئیلا ناساند؛ ئەمەش ھەنگاوێک بوو کە دەوڵەت و گەلی ڤێنزۆئێلا وەک کودەتای دژی "نیکۆلاس مادۆرۆ" سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی خەڵک لێکی دەدەنەوە.

زۆرێک لە وڵاتان لەوان ئێران، ڕووسیا و چین ئەم ڕەفتارەی ئەمریکایان شەرمەزار کردووەو جەخت لە ڕێزگرتن لە دەستەڵات و سەروەریی ڤێنزۆئێلا دەکەنەوە.

سەرپەیڤ