5ی ژوئەن ڕۆژی جیهانیی ژینگەپارێزی
ڕێکخراوی نەتەوەکان بە سەرەنجدان بە بایەخی هەرەزۆری پرسی پاراستن و کوالیتیی ژینگەی مرۆڤ کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر تەندرووستیی خەڵک و گەشەی ئابووری لەسەرانسەری جیهاندا، پێنجی ژووئەنی وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژینگەپارێزی ناودێر کردووە. ڕێزنان لەم ڕۆژە هەلێک دەڕەخسێنێت هەتا بەشێوەیێکی وردبینانەتر بڕوانینە ئەم پرسە و لێپرسراوانەتر بجووڵێننەوە لە حاند سرووشت و ژینگەی خۆمان.
هەر لەم پەیوەندیدا و لە دەسپێکی ناولێنانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی 1974ی زایینەوە شایەدی گەشەیێکی بەرفراوان بووین لە ئاستی جیهاندا، بەچەشنێ کە ئێستاکە لە پتر لە 100 وڵاتی جیهان ڕێز لەم ڕۆژە دەگیردرێت و ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ بەڕێوە دەبەن.
ڕۆژی جیهانی پاراستنی ژێنگە لە ساڵی 2019 و سڕینەوەی پیسایی هەوا
ڕۆژی جیهانی پاراستنی ژینگە هەموو ساڵێک تەوەرێکی جیاوازیشی لەگەڵە کە تەرکیز دەکاتە سەر کێشەیێکی دیاریکراوی هاوپەیوەند بە ژینگە. پرسی سەرەکی ساڵی 2019 کە لەژێرناوەی "سڕینەوەی پیسایی هەوا" هاتووەتە ئاراوە، بانگەوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە جیهانییە.
هەڵبژاردنی ئەم بابەتە لەلایان وڵاتی چینەوە بووە کە ئەمساڵ خۆی میوانداری ئەم کۆبوونەوەیە و لەڕاستیشدا هەموومان بانگ دەکات کە تێفکرین و بزانین چۆناوچۆن پێمان دەکرێت گۆڕانێک بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خۆمان وەدی بێنین بە چەشنێ کە پیسایی هەواش کەمتر بێتەوە و هەروەها ئاستی کاریگەریەکەی لەسەر زیاتر بوونی گەرمای جیهانیش دابەزێنین.
هۆکارەکانی پیس بوونی هەوا:
- پیشەسازی – لە زۆرێک لە وڵاتاندا بەرهەمهێنانی وزە سەرچاوەی سەرەکی پیس بوونی هەوایە. وزگەی سووتەمەنیەکان ڕۆڵێکی بەربڵاویان لەم بوارەدا هەیە.
- هێنا و بردن و گواستنەوە – هێنان و بردن سەرچاوەی نزیک بە یەک لە چواری بڵاوبوونەوەی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆنی هاوپەیوەند بە وزەیە و ئەم ڕادەیەش ڕوو لە زیاتر بوونە. ئەم بابەتە سەرچاوەکەی هێنان و بردنە بە کەرەستەکانی گواستنەوە و وتوویانە پەیوەندی هەیە بە چوارسەد هەزار مردنی پێش وەختەوە.
- کشتوکاڵ – دوو سەرچاوەی سەرەکی پیس بوونی هەوا لە کشتوکاڵ بریتین لە: ئاژەڵەکان و مەروماڵات کە گازی مەتان و ئامونیاک بەرهەم دێنن و دووەمیشیان سوتاندنی زبڵ و خاشاکی کشتوکاڵیە.
- سەەرچاوەکانی تر – پیسایی هەوا تەنیا بە هۆی چالاکیی مرۆڤ وەدی نایە. لە سەرچاوەکانی دیکەی پیس بوونی هەوا ئەتوانین ئاماژە بکەینە چالاکی گڕکانەکان، فەرتەنە و خۆڵبارین و دیاردە سرووشتیەکانی دیکە، بەتایبەت فەرتەنە و خۆڵبارین و فەرتەنەی لم جێێ پەرۆشین.
ئێستا بە سەرەنجدان بەم بابەتەی کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا، بووە بە داڵغەی جیهان، ڕێککەوتننامەی گۆڕانی کەشوهەوای پاریس بە مەبەستی دابەزاندنی ئاستی مەترسی و شوێنهاتە نەرێنیەکانی ئەم بابەتە، هەڵکشانی ئاستی توانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، کەم کردنەوەی ڕادەی بڵاو بوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان لە ساڵی 2015دا ئامادە کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە بە هاندەرێک دەژمێردرێت بۆ وڵاتان تا لە بواری نەهێشتنی پرسی سەرمایە نانەوە لە پەیوەندی لەگەڵ سووتەمەنیە کۆنەکان و یەکەم پەیمانی تۆکمە و تەواوی هەرێمی جوگرافیایی لە جیهانیشدا هەوڵ بدەن. بەڵام لە دەسپێکی خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا بە هۆی ملهوڕیەکانی ئەو لەم پەیمانە هاتە دەر کە هەڵبەت بەرەوڕووی کاردانەوەی تووندوتیژی وڵاتانی تر بووەوە.