May 30, 2020 07:31 Asia/Tehran
  • تڕەمپ راگرتنی هەموو پێوەندیەکانی ئەمریکای لە گەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی راگەیاند

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمریکا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا پچڕاندووە.

دوێنێ هەینی 29ی ئایاری 2020، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەهۆی رەتکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو چاکسازییانەی پێشتر لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیمان داوا کردبوو، بڕیاردراوە بە پچڕاندنی سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرمانمان کردووە بە گواستنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی، کە لە پلاندا بوو بۆ ئەو رێکخراوە تەرخانبکرێت، کە دەگەیشتە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلاری ساڵانە، بۆ ئەو دامەزراوانەی دیکە کە کار لە پێناو تەندروستیی جیهاندا دەکەن".

لە ماوەی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و پێشتریش لە لێدوانێکیدا، ترەمپ رێکخراوەکەی بە "سەرنەکەوتوو" ناوبرد.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا پلەی یەکەمی هەیە لە باری ژماری تووشبووان و گیان لەدەستداوان بە هۆی کۆرۆنا و رەخنەی سەرەکیش لەسەر سەرۆکی ئەم وڵاتەیە کە بابەتەکەی بە هەند نەگرتووە و نەیتوانیوە بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکە بکات .

بۆچوونت