ئاب 02, 2020 23:01 Asia/Tehran
  • له ئەمریکا لەماوەی 24 سەعاتدا نزیکەی 60 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون

زانکۆی (جۆنز هۆبکنز)ی ئەمریکا رایگەیاند، لە شەشەم رۆژی بەدوای یەکدا، لەماوەی 24سەعاتی رابردوودا، زیاتر لە هەزار کەس بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

          

زانکۆی جۆنز دووپاتیشی دەکاتەوە، دوێنێ‌ شەممە، حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای کۆڤید-19 لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ 1133 حاڵەت بەرزبۆتەوە، لەبەرامبەردا رۆژی هەینی 1259 رۆژی پێنجشەممە 1233حاڵەت بووە.

هاوکات، دوێنێ‌ شەممە، ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بەکۆرۆنا گەیشتبوە 58406 کەس،  بەراورد بەرۆژی هەینی 67023 حاڵەت تۆماکراون، ژمارەی حاڵەتەکان دابەزیون.

بەگوێرەی ئامارەکانی زانکۆی جۆنز، لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، 4 ملیۆن و 620 هەزار و 502 کەس بەتەواوەتی تووشی کۆڤید-19 بوون، لەو ژمارەیە، 154449 کەس گیانیان لەدەستداوە، 1 ملیۆن و 461 هەزار و 885 کەس چاکبوونەتەوە، ئەمەش بەرزترین حاڵەتەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر ئاستی جیهاندا.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکا رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، لەم رۆژانەی دواییدا، لەژمارەیەک لە ولایەتەکانی ئەمریکا، حاڵەتەکانی توشبوون بەڤایرۆسەکە و گیانلەدەستدان،ژمارەکە بەشێوەیەکی پێوانەیی بەرزبوەتەوە، لەکاتێکدا، ناکۆکییەکان لەنێوان ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و دەسەڵاتدارانی ناوخۆی هەندێک لەولایەتەکان سەبارەت بەپرسی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە بەردەوامی هەیە.

سەرپەیڤ