یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ دوشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر بەردەوامی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی وزە و گەڕان بەدوای نەوتدا لەئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، لەکۆبونەوەیەکدا سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەوروپا پێشبینی ناکرێت لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆیاندا وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هیچ بڕیارێک بەفەرمی دەربکەن کە پەیوەندی هەبێت بەسەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، بەو پێیەی ئەو پرسە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئاستەنگییەکان هەیە بەڵام رێکارەکانی سزادانی ئەنقەرە لەئەگەری بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای وزە لەو ناوچەیەدا تاوتوێ دەکەن.
بەهۆی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی وزە و گەڕان بەدوای نەوتدا لەئاوەکانی دەریای ناوەڕاست کەئەو ناوچە ئاوییە دەکەوێتە نزیک سنورەکانی یۆنان و قوبرس، ناکۆکییەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا گەیشتوەتە ئاستێکی توند لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی ئەوروپا خواستی ئەوەی هەیە بەرێگەی گفتوگۆ و دانوستان ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت.