بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ بایکۆت کردنی کاربەدەستانی ئێران
پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە ھاوڕەوت لەگەڵ سیاسەتەکانی دوژمنکارانەو دژی مرۆڤانەی ئەمریکا بە پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک خوازیاری داسەپێندرانی بایکۆتگەلی ئامانجدار بوون بە سەر کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە بیانووی مافی مرۆڤ.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، لەم بڕیارنامەیەدا پەرلەمانی ئەورووپا داوای لە ئەنجومەنی ئەورووپا کردووە ھەتا بایکۆتگەلێکی ئامانجدار بە سەر کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی دەست گرتن بەسەر داراییەکانیان دا بسەپێنێ و ھەروەھا ھێندێک لە دامەزراوەکانی ئێرانیش بایکۆت بکات.
پەرلەمانی ئەورووپا لەم بڕیارنامەیەی دا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ئێران لە خۆی وتەنی «ڕاپێچ کردنی سەرەڕۆیانەو دەرکردنی بڕیاری ئیعدام بۆ شارومەندانی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵیان ھەبووە».
ھەروەھا نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا داوایان لە ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئێران کرد کە بڕیاری ئیعدامی «ئەحمەد ڕەزا جەلالی» سیخوڕە زیندانی کراوەکەی ڕژێمی زایونی لە ئێراندا ھەڵوەشێنێتەوە.
«ئەحمەد ڕەزا جەلالی» لە ئاپریلی ٢٠١٦ لە بەر پەیوەندی و سیخوڕی کردن بۆ ڕێکخراوەی سیخوڕیی «موساد»ی سەربە ڕژێمی زایونی لە تاراندا قۆڵبەست کراو بڕیاری ئیعدامی بۆ دەرکرا.
لەو کردەوانەی «ئەحمەد ڕەزا جەلالی» ڕاگەیاندنی ناوونیشانی ٣٠ کەس لە پسپۆڕانی بواری توێژینەوە سەربازی و ناڤۆکییەکانی ئێران لەوانە شەھیدان «شەھریاری و «عەلی موحەممەدی» بە ئەفسەرانی ھەواڵگریی موساد بووە کە بووە ھۆی تیرۆرو شەھید کرانیان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەتا ئێستا گەلێک جار دەستوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕەوتی دادەڤانیی ئێرانی بە بیانووی «مافی مرۆڤ» ڕەت کردووەتەوەو ئیدانەی کردووە.