شوبات 03, 2024 08:30 Asia/Tehran

کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی نوینەرانی وڵاتانی ئەندامی ئابوورییە تازەسەرهەڵداوەکانی ناسراو بە "بریکس" کە بە "شێرپا" ناویان دەبرێ، بە پەسەنکردنی ٢٣٩ ڕووداو و بەرنامەی کار و چالاکیی ئەم گرووپە لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی هات.

یەکەم کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی ئابوورییە تازەسەرهەڵداوەکانی ناسراو بە "بریکس" لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕۆژی سێشەممە دەیەمی ڕێبەندانەوە بە بەشداریی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتی ئەندامی ئەم گرووپە لە مۆسکۆ کاری خۆی دەست پێ کرد و پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی کۆتایی هات. ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم کۆبوونەوەی بریکسە پاش هاتنی پێنج ئەندامی تازە واتە نوێنەرانی ئێران، عەرەبستان، ئیمارات، میسر و ئتیۆپی بۆ نێو ڕیزی کۆنەئەندامانی ( ڕووسیا، چین، برازیل، هیندستان و ئەفریقای باشوور)  و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کاری خۆی لە مۆسکۆ دەست پێ کرد.

سێرگەیی ڕیابکۆف جێگری سەرۆک وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا کە وڵاتەکەی میوانداری گرووپی بریکس بوو، باسی هاوڕێیەتی و هاودەنگیی وڵاتانی ئەندامی ئەم گرووپەی کرد لەگەڵ پلانە پێشنیارییەکانی ڕووسیا بۆ  ئەم ساڵەی زایینی و بە ئاماژە بەوەی کە لەم کۆبوونەوە سێ ڕۆژەیەدا وتووێژی بەسود سەبارەت بە پرس و بابەتی جۆراوجۆر لە سێ بواری سیاسەت و ئاسایش، ئابوری و دراوی و پێوەندیی مرۆڤدۆستانە و جەماوەری نێوان ئەندامانی بریکس بەڕێوەچووە، وتیشی: لەم سێ ڕۆژەدا ١٠ کۆبوونەوەمان بەڕێوە برد کە لەم کۆبوونەوانەدا نوێنەرانی وەزارەتخانەکان و ئاژانسەکان، بازرگانان و کۆڕە زانکۆییەکان پێشنیاریی زۆر باشیان لە بواری زۆر گرینگ و سەرەکیی هاوکاری و دەسپێشخەریی ڕووسیا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەم وڵاتە، ئاراستە کرد.

شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەهدی سەفەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەواهەنگیی دیپلۆماسیی ئابووری لەم کۆبوونەوانە بەشدار بوو. کازم جەلالی باڵوێزی ئێران لە مۆسکۆیش هاوڕێیەتی ئەم شاندەی دەکرد.

سەرپەیڤ