درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە فەڕەنسا و ڕەفتاری توندی پۆلیسی ئەو وڵاتە لەگەڵ خۆپیشاندەران
ناڕەزایەتیی خوێندکارانی خوێندنگەکانی ئامادەیی فەڕەنسا کە بە پاڵپشتیی گرووپ و لایەنە جیاجیاکانی مامۆستایان، کرێکاران و خوێندکاران و ژومارێک کەسایەتیی سیاسی ئەنجامی گرتووە، لە شارە جۆربەجۆرەکانی فەڕەنسا هەروا بەردەوامە.
خوێندکارانی ئامادەیی لە شارە جیاجیاکانی فەڕەنسا لە سێیەم حەفتەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانیان، جارێکی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کەمیی مامۆستاو ئیمکانات و نایەکسانیی فێرکاریی وپەروەردەیی، هاتنەسەر شەقامەکان؛ ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانە هاوکات لە شارە گەورەکانی فەڕەنسا وەک ڕۆژانی ڕابردوو بەرەوڕووی توندوتیژیی و هەڵس و کەوتی توندی پۆلیس بوویەوە. نزیک بە چوارسەد و هەشتا هەزار کەس و بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، سەدو شەست و یەک هەزار و پێنج سەد کەس لە سەرتاسەری فەڕەنسا دەستیان کرد بە خۆپیشاندان کە زیاتر لە شەش هەزار کەس دەسبەسەرکران. هەڵس و کەوت و ڕەفتاری توندی پۆلیس لەگەڵ ناڕازییان کە بەشی زۆریان تەمەنیان لەژێر تەمەنی یاساییە، بووەتەمایەی نیگەرانی و کاردانەوە جیهانییەکانی بەدواوەیە.