ئاب 08, 2018 10:17 Asia/Tehran
  • ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون: ئەمریکا پێش بە گەیشتنی سائیرون بە دەوڵەت دەگرێ

ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون کەزیاترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراق بە دەست هێناوە، ڕایگەیاند: ئەمریکا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ شکست پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە لە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێدا.

بە پێی راپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی ئیرنا؛ "جەواد موسەوی" ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون کە لە لایەن موقتەدا سەدرەوە داکۆکی لێ دەکرێ، وتی: " بێتوو هاوپەیمانیی سائیرون دەسەڵات بگرێتە دەست، پیلان و گەڵاڵەکانی ئەمریکا لە ئێراق بەرەوڕوویی شکست دەبێتەوە و هەر لەبەر ئەوەیشە کە ئەمریکا نەیارەتی دەکات لەگەڵ سائیرون.

"جەواد موسەوی" وتیشی: هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە هاوپەیمانیی سائیرون و ڕەوتی سەدر هەر لە ساڵانی ڕابردووەوە دیار و ئاشکرا بووە و ئەمریکا نایهەوێ ئەو ڕەوتە سیاسییە دەسەڵاتی ئێراق بگرێتە دەست.

چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ئێراق بە ئامادەبوونی ٢٧ هاوپەیمانیی هەڵبژاردەیی و ٢٠٥ پارت و ڕەوتی سیاسیی ڕۆژی ١٢ی مانگی مەی بەڕێوە چوو و سەرجەم ٨٨ لیستی هەڵبژاردەیی ململانێیان کرد بۆ دەس خستنی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراقدا، هاوپەیمانیی سائیرون (موقتەدا سەدر) ٥٤ کورسی، ئەلفەتح (هادی عامری) ٤٧ کورسی، ئەنەسر (حەیدەر عەبادی) ٤٣ کورسی، دەوڵەتی یاسا (نووری مالکی) ٢٥ کورسی، وەتەنییە (ئەیاد عەلاوی) ٢٢ کورسی و ڕەوتی حیکمەت (سەید عەمار حەکیم) ١٩ کورسی و ئەلقەرار (ئوسامە نوجەیفی) ١٣ کورسیی پەرلەمانیان بە دەست هێنا.

 

سەرپەیڤ