ئه‌یلوول 12, 2018 00:20 Asia/Tehran
  • وەزیرى دەرەوەى عێراق ئیدانەی سوتاندنی کونسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەسرە دەکات

ئیبراهیم جەعفەرى وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند: ڕووداوى سوتاندنى کونسوڵخانەى ئێران لە بەسرە خواستى ئەو خۆپیشاندەرانە نەبووە کە داواکاریی ڕەوایان هەیەو ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە نوێنەری عێراق و گەلەکەى نین .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند: ئەوانەى کونسوڵخانەى ئێرانیان لە بەسرە سوتاند نوێنەرایەتیی عێراق و گەلەکەى ناکەن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشەو بەھێزتر لە ھەر کاتێکی دیکەیە.

ئیبراهیم جەعفەرى وەزیرى دەرەوەى عێراق جەختیشی کرد : ڕووداوى سوتاندنى کونسوڵخانەى ئێران لە بەسرە خواستى ئەو خۆپیشاندەرانە نەبووە کە داواکاریی ڕەوایان هەیەو تەنیا ھەنگاوێکی تێکدەرانە بووە لە لایەن ئەوانەی وا بە نیازی تێکدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقن.

ناوبراو  ئاماژەى بەوەش کرد کە: هەندێک گێرەشێوێن هەن کە ژمارەیان کەمە و بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدان کە  خۆپیشاندانە ڕەواکانی جەماوەری ڕاستەقینە بشێوێنن .

جەعفەرى داواى لە گەل و حکومەتى ئێران کرد ،دەرفەت نەدرێتە دوژمنانى ئیسلام و هەردووک وڵات کە ئەو وێنەى برایەتییە بشێوێنن کە هەردوو وڵات لەماوەی  ساڵانى ڕابردوودا دروستیان کردووە.

جەعفەری ئەوەشى خستەڕوو کە: پەیوەندییەکانى بەغدا و تاران باشە و ڕۆژلەدوای ڕۆژ باشتریش دەبێت.

جێگای ئاماژەیە شەوی هەینیی ڕابردوو تاقمێک لە ئاژاوەگێڕان بە بیانووی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی نالەباری خزمەت گەیاندن و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی عێراقی لە ھەمبەر گرفتەکانی شاری بەسرەی عێراق، ھەڵیانکوتایە سەر کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لەم شارەو سووتاندیان . وەزارەتى دەرەوەى عێراق و کۆمەڵێک لە کەسایەتییە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەش دەستبەجێ ئیدانەى ئەو کارەیان کرد و ڕایانگەیاند کە هەندێک لە ئاژاوەگێڕان بە خۆ تێکەڵ کردنیان لەنێو خۆپیشاندەرانی ڕاستەقینەو بە مەبەستی بە لاڕێ دا بردنی داخوازییە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی ئەو کارەیان کردووە کە دیارە ئەوەش زیان بە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و وڵاتانى جیهان دەگەیەنێت.

سەرپەیڤ