سەرۆک وەزیرانی عیراق:بەشێکی زۆری کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتداین
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە پاریسی پێتەختی فەرەنسا جەختی کرد:بەشێکی زۆری کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر چارەسەر کراون و لە ئێستادا لە باشترین حاڵەتدا بە سەر دەبەین.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە،عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتداین.
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ «ئیمانوئێل ماکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پاریس، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی وڵاتەکەی پێی داگرت: پەیوەندییەکانمان لە باشترین حاڵەتدایە، ھەڵبەت دیارە ئەمە بەو واتایە نییە کە ناکۆکی و جیاوازی نییە لە بیرو بۆچوونەکاندا، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە لە ھەوڵی چارەسەر کردنی ئەو کێشانەداین و لە ئێستادا ھەنگاوی باشیش لەم بوارەدا ھەڵگیراوەو ئەو ناکۆکیانەش خراونەتە چوارچێوەی چارەسەر کردنەکانەوە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی کرد: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە دەتوانین بگەینە چارەسەریی گونجاو لەسەر کێشەکانی شنگال و نەینەوا و دۆسیەی نەوت.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بابەتی دەروازە سنورییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ەوە لە سەرانسەری عیراقدا کار بە یەک نرخنامەی گومرگ دەکرێت.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق ڕۆژی هەینی٣ی ئایاری ٢٠١٩، بە سەردانێکی فەرمی گەییشتە پاریسی پێتەختی فەرەنسا و لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی «ئیمانوئێل ماکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆبۆوە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، رۆژی چوارشەممە ١ی ئایاری ٢٠١٩، گەییشتە ئەڵمانیا و لە ئەنجامی ئەو سەردانەی ڕێککەوتنێک بە بڕی چواردە ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای سیمنیسی ئەڵمانیا واژۆ کرا بە تایبەت لە بواری کارەبا و وزەدا.