سەرۆک کۆماری ئێراق بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی: ڕۆڵی دڵسۆزیی و بێ وێنەیی ئێوە لەیادەوەرییەکانی مێژوودا دەپارێزرێ
سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کارمەندانی تەندروستی بەئامادەبوونی د.جەعفەر سادق عەلاوی، وەزیری تەندروستی و ژینگە، و د. ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە به غدا
لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، هەوڵ و هەڵوێستە بێ وێنەکانتان لەبەرەی پێشەوەی بەگژداچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕۆڵی دڵسۆزیی و بێ وێنەیی ئێوە لەیادەوەرییەکانی مێژوودا دەپارێزرێت، کە بە یارمەتی و ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئێوە بۆ هاونیشتمانیان، توانیمان تائێستا ئەوەی لێی دەترساین تێبپەڕێنین سەرەڕای دۆخی سەخت و کەمی تواناکانی کەرتی تەندروستی.
د. بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد:”شەڕ کۆتایی نەهاتووە و ئاڵنگارییەکی زۆرمان لە پێشە و سەرکەوتنی کۆتاییش بەسەر پەتای کۆرۆنا جارێ بەدەست نەهاتووە، ئەوەی پێویستە لەئێستادا ئەوەیە پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بین، ھەروەھا ڕۆڵی کارمەندانی تەندروستی بەرزنرخاند لەبەگژداچوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاونیشتمانیان لەم پەتایە”.
لەلای خۆیەوە، وەزیری تەندروستی و ژینگە، دووپاتی لە ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەت و کارمەندانی تەندروستی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک بە ھاووڵاتیانی عیراق، هاوکات کارەکانی وەزارەت و ڕێوشوێنەکانی ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی پەتاکە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیانی خستەڕوو، بەتایبەتی پابەندنەبوونی هەندێک ناوچە بە قەدەغەکردنی هاتوچۆوە.