ته‌مووز 30, 2025 17:39 Asia/Tehran
  • محەمەد حاجی مەحمود: هەندێک کە بە ناسنامە کوردن فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە ئەڕێژن

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەندێک کە بە ناسنامە کوردن، فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە ئەڕێژن، لەبەرامبەردا خەنجەریان لە پشتی حکومەتی هەرێم توند کردوە . دەشڵێت، "من تێناگەم ئەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانیان بوەتە فەلەستین بۆ بیرێک لە میللەت و خاکەکەی خۆیان ناکەنەوە".

محەمەد حاجی مەحمود، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پڵاتفۆڕمی "X" بڵاویکردەوە، ماوەیەکە لێرە و لەوێ، هەندێک کە بە ناسنامە کوردن، فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە ئەڕێژن، لەبەرامبەردا خەنجەریان لە پشتی حکومەتی هەرێم توند کردوە، بەهیچ کلۆجێک باسی برسیکردنی خەڵکی کوردستان ناکەن. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژانە بە کۆمەڵێک دروشم، سەدان هەزار دۆلار لە شارەکانی کوردستان کۆدەکەنەوە و گوایە بۆ غەززەی دەنێرن. ‏من تێناگەم ئەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانیان بوەتە فەلەستین بۆ بیرێک لە میللەت و خاکەکەی خۆیان ناکەنەوە.محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوەشکرد، ئێمە کیمیابارانکراین، ئەنفالکراین و گوندەکانمان لەگەڵ خاک تەختکرا، کێ بەهانامانەوەهات، زۆر وڵات و میللەتی ناوچەکە پەیامی دەستخۆشییان بۆ بەعسییەکان نارد. بەپێی هەمو یاسا و عورفێک، مرۆڤ ئەبێت ماڵەکەی خۆی ڕێکبخات ئەوسا لە خەمی دراوسێدابێت.

سەرپەیڤ