ئه‌یلوول 03, 2020 03:06 Asia/Tehran
  • مەکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: لە سەردانی داهاتووم بۆ عێراق، خۆشحاڵ دەبم سەری هەولێریش بدەم

ڕۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا چاوی کەوت بە ئێمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرەنساو بە ھەردووکیانەوە جەختیان لە بەردەوامیی ھاوکارییەکانی نێوان پاریس و ھەولێر کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ «ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆبووەوە و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و کێشەکانی هەولێر و بەغدا و بەهێزکردنی پێوەندییەکانی هەرێم و فەرەنسا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

 لە میانی دیداری  سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە بەغدا، «نێچیرڤان بارزانی»، ستایشی ڕۆڵی پاریسی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی لە هەرێم و مافە دەستوورییەکانی کوردو هاوکاریی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

«ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنساش لەو دانیشتنەدا وێڕای ڕاگەیاندنی ئەمەی کە، لە سەردانی داهاتووی بۆ عێراق، خۆشحاڵ دەبێ سەری هەولێریش بدات، ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشاندنی داعش، بەرز نرخاند و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، لە چوارچێوەی دەستووردا دووپات کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردووک لایان هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی کە سەقامگیریی عێراق بە چارەسەرکردنی کێشەکانی مسۆگەردەبێت و لەو پەیوەندییەش دا ھاوکاریی نێوان فەرەنسا و دۆستانی لە کۆمەڵکەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بە پێویست زانرا.

پاراستنی سەروەریی عێراق و بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش، هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە و چەند پرسێکی گرنگی دیکەش بەشێکی تری ھەوێنی دیدارو وتووێژەکانی نێوان «نێچیرڤان بارزانی» و «ئێمانۆئێل مەکرۆن» بوون.

سەرپەیڤ