کانونی یه‌که‌م 30, 2020 21:40 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: بەشە بوجەی ھەرێمی کوردستان گرێدراوی ڕادەست کردنی داھاتەکانیەتی بە دەوڵەتی ناوەندی

«مەنسور بەعیجی»، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتەکان بە دەوڵەتی ناوەندی، لە ساڵی داهاتوودا بە هەمووشێوەیەک لە بەشە بودجە بێ بەری دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، «مەنسور بەعیجی»، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە سیی دیسامبەر جەختی لەوە کردەوە کە، لە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەعدا کە دیارە یەکەم سەردان نەبووە و دوا سەردانیش نابێت، هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە لە نێوان ئەو شاندە و حکومەتی عێراق دا. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە،هەرێمی کوردستان پێویستە بەباشی لەوە تێبگات کە بەبێ ڕادەستکردنی داهاتەکانی لە ساڵی داهاتوودا تەنانەت یەک دیناریشی بۆ ڕەوانە ناکرێت، وەک چۆن لە یاسای قەرزدا پەرلەمان دەنگی لەسەردا و تێیدا هاتووە، حکومەتیهەرێمی کردستان دەبێ پێشوەخت داهاتەکەی ڕادەست بکات دواتر هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە شایستەکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت.

ئەم پەرلەمانتارەی عێراق پێشی لە سەر ئەوە داگرتووە کە، پێویستە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن کە ئەوەی موچەکانیان دەبڕێت حکومەتەکەی خۆیانە، چونکە پابەند نابێت بە یاسا و دەستوور و داهاتەکانی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی وەردەگرێتەوە، داهاتی گومرگەکان و فڕۆکەخانەکان وەردەگرێت و کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەڕوات.

ئاشکراشیکرد،ھەتا ئێستا بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەی یەکجاری نەکراوە ، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بەرپرسیارێتییە دەستورییەکانی بەرامبەر گەلەکەی بە ئەستۆ بگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە  پاش گەڕانەوەی لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەوەی کردبوو کە، لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتونەتە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١.

سەرپەیڤ