عێراق و تورکیا لەسەر پرسی ئاو کۆدەبنەوە
بڕیارە 21ی ئەم مانگە شاندێکی تەکنیکیی عێراق سەردانی ئەنقەرە بکات، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە قەیرانی ئاو، کە عێراق ڕوبەڕووی بووەتەوە و بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە گلدانەوەی ئاوەوە هەیە لەلایەن تورکیاوە.
عێراق ئێستا بەگشتی لە قەیرانێکی قوڵی ئاودایە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هۆکارەکەشی بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێتەوە بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو، یان پرۆژەی کشتوکاڵی.
مەهدی ڕەشید، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، “لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا دەستپێدەکات سەبارەت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها چالاککردنی پرۆتۆکۆڵەکانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیا نییە لەسەر مافەکانی هەردوولا لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکاندا، بەڵام لەساڵانی پێشوودا چەند پرۆتۆکۆڵێکی هاوبەش لەنێوان عێراق و تورکیا هەبوون پەیوەست بەو سەرچاوە ئاوییانەی بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕن.