بەرواری بەڕێوە چوونی کۆنگرەکەی بەغدا ڕاگەیەندرا
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: رۆژی شەممەی داهاتو ٢٨ی ئاب کۆنگرەی هەرێمی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت و جگە لەسەرکردەی وڵاتانی دراوسێ، سەرکردەی ژمارەیەک لەوڵاتانی عەرەبی، فەڕەنسا، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش بەشدار دەبن.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، «حەسەن نازم» وتەبێژی حکومەتی عێراق ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: رۆژی شەممەی داهاتو ٢٨ی ئاب کۆنگرەی هەرێمی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەکە رەنگدانەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتی عێراقە بۆ گێڕانەوەی رۆڵی پێشوی و لەم بوارەدا حکومەت توانیویەتی رەزامەندیی لەئاستی نێودەوڵەتیی بەدەست بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئێستای عێراق هەوڵەکانی لەبواری بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە و لەئێستادا پەیوەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق بە قۆناغێکی دەگمەن دا تێدەپەڕێت، لەم بوارەشدا پشتیوانییەکانی کوێیت بۆ عێراق یەکێک بووە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنیان.
لای خۆیەوە «فوئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند: بۆ کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق هەر پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش (ئەمریکا، فەڕەنسا، بریتانیا، چین و ڕوسیا) بۆ بەشداریکردن لەکۆنگرەکەدا بانگهێشت کراون، تائێستاش مۆسکۆ وەڵامی داونەتەوە کە لەسەر ئاستی باڵیۆزی وڵاتەکەیان لەبەغدا بەشدار دەبن لەکۆنگرەکەدا.
لەئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیای نێودەوڵەتی بۆ روماڵکردنی کۆنگرەکە گەیشتونەتە بەغدا، هەروەها هێزە سەربازییەکان رێوشوێنی ئەمنییان بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ناوچەی سەوز و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە گرتووەتەبەر، لەو چوارچێوەیەشدا هێزێکی زیاتری ئەمنی لەسەر رێگای فڕۆکەخانەی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە.ئامانجی کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی رێکخراوی داعش.