سەرۆک وەزیرانی عێراق: دەوڵەتەکەم ڕێگای بە مایەپوچبوونی عێراق گرت
«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: کاتێک حکومەتەکەی دەستبەکار بوو عێراق لەلێواری مایەپوچ بوون و داڕماندابوو، بەڵام لەئێستادا دۆخی دارایی وڵات بەشێوەیەکی ئەرێنی گەشەی کردووە و حکومەت بودجەی بۆ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دابین کردووە.
«مستەفا کازمی» لەپەیامێکدا ڕایگەیاند: لەسەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتەکەیەوە ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵک بووە، بۆیە ھەر لەو ماوەیەدا چەندین کار و پڕۆژەیان ئەنجام داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم وڵاتە، ئەویش لە کاتێک دا کە عێراق نزیک بوو لە مایەپوچبوون و داڕمان، بەڵام نەیانھێڵا ئەوە ڕوو بدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چاکسازیی ئابوری، لەئێستادا دۆخی دارایی وڵات بەشێوەیەکی ئەرێنی گەشەی کردوە و حکومەت بودجەی بۆ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دابینکردووە، باوەڕیشیان وایە لەسەر کاربەدەستانی دەوڵەت پێویستە پێش هەموو شتێک پابەندی عێراق بن و بەدوور لە هەر پەیڕەوێکی حیزبی ، مەزهەبی و ڕەگەزی ملکەچی بەها و ئاکارەکان بن و کاری باش ئەنجام بدەن..
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی دەیەمی ئۆکتۆبەریش سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: بۆخۆم سەرپەرشتیی تەواوی کاروبارەکانی تایبەت بە ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دەکەم و ئیرادەیەکی ئازاد بۆ دەنگدەران فەراهەم دەکەین.