جەختکردنەوەی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر پێویستی چارەسەرکرانی کێشەکانی ناوچەکە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا کردەوە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی.
بەگوێرەی پێگەی هەواڵدەریی ئەلمەعلومە، «عەبدولەتیف جەمال ڕەشید» سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بەناونیشانی «داهاتووی ڕۆژئاوای ئاسیا» ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و ململانێ و تیرۆر و گەمارۆکانەوە زیانی پێگەیشتووە.
وتیشی:عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندەو ئێستا ئاسایشەکەی زیادی کردووە. عێراق سودمەند بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و حکومەتیش جدییە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە نوێیەکەی حکومەت لەسەر دوو ڕەھەندە؛ یەکەم: بەرنامەی بەپەلە، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی پلانی بەپەلەی پەیوەست بە تەندروستی، نیشتەجێبوون و پەروەردە و دووھەم، پڕۆژەی ستراتیژی، لەوانەش پڕۆژەی نەوت و گاز. عێراق ڕۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و خواستێک هەیە بۆ زیادکردنی بڕی نەوت و سودمەندبوون لە غاز.
سەرۆک کۆماری عێراق هیوای خواست هاوکاریی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەدا ڕووبدات و ئەو پرسەش لە عێراقیەکاندا سنوردار نەبێت، چونکە عێراق پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانییە.