12 ملیۆن دۆلار زیانی سووتاندن و تێچووی هاوردەکردنی غازی ساڵانەی عێراقە
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: زیانی سووتاندن و تێچووی هاوردەکردنی غاز ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن دۆلارە.
«مەزهەر محەمەد ساڵح»، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: ئەو زیانەی بە عێراق دەگات لە ئاکامی هاوردەکردنی غاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، یان سووتاندنی غازی کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوور بە نزیکەی 12 ملیار دۆلاری ساڵانە دەخەمڵێندرێت.
رۆژی چوارشەممە «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عیراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکدا لەڕێی ڤیدیۆەوە رایگەیاند: حکومەتەکەی چەند هەنگاوێکی گرتووەتەبەر بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و، سوودوەرگرتن لەو غازە لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت دەردەچێت.
لەو بارەیەوە راوێژکارەکەی ئاشکرای کردووە، ئەوەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی پێداوە، سەرەتایە بۆ دوو پرس، یەکەمیان راوەستاندنی سووتاندنی غاز کە دەبێتەهۆی پاراستنی ژینگەی عێراق لە ژەهراوی بوون و کێشەکانی دیکە، دواتریش بەکارهێنانی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا رێژەی سووتاندنی غاز بگاتە سیفر و، رێژەی بەکارهێنانیشی بۆ وێستگەکان بگاتە 100% ئەوەشی بە هەنگاوێکی ئابوری و هونەری بۆ پەرەپێدانی ئابوریی و پاراستنی ژینگەی عێراق ناوبرد.