کۆتایی هاتنی گواستنەوەی داعشییەکان لە سوریاوە بۆ عێراق
لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی کۆتایی گواستنەوەی زیندانیانی داعشی لە سوریاوە، بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە ژماری ئەو کەسانە گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار و ٧٠٠ کەس.
هەڵمەتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق بە ٦٨ قۆناغ ئەنجامدرا کە ٣٧ گواستنەوەی ئاسمانی و ٣١ گواستنەوەی زەمینی گرتەوە. لە نێو ئەو زیندانییە داعشییانەدا کە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ٩٨٧ کەسیان شاروومەندی بیانین کە لە ٥٧ ولاتی جیهانەوە خۆیان گەیاندۆتە سوریا، لە نێویاندا شاروومەندانی هەندێک وڵاتی ئەوروپایی لەوان ئەڵمانیا و فەرەنسایش دەبیندرێ. هەروەها چوار هەزار و ٢٤٨ زیندانی دیکەیش شاروومەندنی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و باکووری ئەفریقان.
حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق: زۆربەی ئەو تیرۆریستانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە پارێزگاکانی موسڵ و ئەنبار دژ بە هێزی عێراقییە شەڕیان کردووە، بۆیە بوونیان لە نێو عێراقدا بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە، بەڵام دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی لە عێراقدا دادگایییان بکەین.
ئەم زیندانیانە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی بەغدا کە پێشتر بە ئەبوغورێب ناسرابوو. هەرچەندە گواستنەوەی ئەو تیرۆریستانە بۆ عێراق نیگەرانیی کۆمەڵگای عێراقی لێکەوتووەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئامادەکارییەکان بۆ دادگاییکردنیان بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە ئەنجام دەبێت.