هاوکاریی زانکۆی ئەڵمانی لە لێکۆڵینەوە و هەڵکەندنی کەوناراناسی لە کوردستانی ئێران و ئێراق
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای کوردستان لە ڕۆژاوای ئێران، وتی: زانکۆی هایدەلبێرگی ئەڵمان Heidelberg University پێوەندیی نێوان ئاسەواری کەونارایی و مێژوویی کوردستانی ئێراق و پارێزگای کوردستانی ئێران دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سەید موحسن عەلەوی" ڕۆژی شەممە لە دیداری لێژنەی کەوناراناسیی زانکۆی هایدێلبێرگی ئەڵمان لە پارێزگای کوردستانی ئێران رایگەیاند: ئێمە خەریکی بوار خۆش کردنین بۆ ئەوەی توێژەرانی کوردستانی بتوانن لەگەڵ کەوناراناسانی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی کەوناراناسی لە کوردستان ئەنجام بدەن و بەشداری کردنی زانکۆی هایدێلبێرگیش هەر لەو ئاراستەدایە.
عەلەوی وتیشی: پوتانسییەلە کەونارانسییەکانی کوردستان، پێویستی بە پەرەپێدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پسپۆڕییە.
پارێزگای کوردستان لە ڕۆژاوای ئێران خاوەنی هەزار و ٥٢٠ ئاسەواری مێژوویی ناسراوە کە بریتین لە شوێنەواری کەونارایی، ئەشکەوتی سرووشتی، داری زۆر کۆن و بەتەمەن، میراتی مەنقوول، کارێز و زۆر شوێنی سرووشتی.