کانونی یه‌که‌م 30, 2025 11:13 Asia/Tehran
  • لافاو چییە و هۆکارەکانی چین؟

لافاو بریتییە لە بەرزبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە ناوچەیەکدا و یەکێکە لە کارەساتە سروشتییەکان، کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی و گیانیشی لێ دەکەوێتەوە و بە پێی ناوچەی جوگرافی ئەگەری ڕوودانی زیاد و کەم دەکات.

هۆکارەکانی لافاو

 

لافاو بەهۆی باران بارینێکی بەهێز یان شەپۆلە گەورەکانی زەریاکان کە بەهۆی ڕەشەبایەکی زۆر بەهێزەوە بەرەو کەنارەکان دەچن، درووست دەبێت یانیش بەهۆی توانەوەیەکی لە پڕی بەفرەکان و شکانی بەنداوەکان و ڕژانی ئاو لێیانەوە ڕوو دەدات؛ هاوکات ئەو ناوچانەی نزیک لە دەریا و زەریاکانن زیاتر ئەگەری ڕوودانی لافاویان تێدا هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلە زریاناوییانەی ڕوو دەدەن لە دەریا و زەریاکاندا.

تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەکدا نیشتەجێ بوویت کە مەترسی ڕوودانی لافاوی زۆر کەم بوو دەبێ بزانیت کە هەر شوێنێک بارانی تێدا ببارێت ئەوا ئەگەری هەیە لافاو تێیدا ڕوو بدات، تەنیا بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەی تێیدا دەژیت، پێشتر لافاو تێیدا ڕووی نەداوە مانای ئەوە نییە هەرگیز ڕوو نادات؛ چونکە لافاو پەیوەندی بەو هۆکارانەوە هەیە کە وادەکەن ڕوو بدات نەک پەیوەندی هەبێت بە مێژووی ڕوودانیەوە لە ناوچەکەدا.

پێش ڕوودانی لافاو پێویستە چی بکرێت؟

  •     لەکاتی ئامادەبوون بۆ لافاودا، پێویستە چووپی مەلەکردن لە ماڵەکەتدا هەبێت و پلانێکی تۆکمە بۆ ئەوکاتە دابنێ.
  •     دوور بکەوەرەوە لە درووستکردنی خانوو و بیناکان لە کاتی لافاودا یاخود بە بەرزی و بەهێزی درووستیان بکە.
  •     ئەگەر لە شوێنێکدا دەژیت کە مەترسی لافاوی زۆرە، کورەی ئاگر و گەرمکەرەوە و کارەبای ناو ماڵەکەت بە بەرزی دابنێ.
  •     دانانی “تەوافی ئاو”ـی تایبەت بۆ ئەوەی ئاوی لافاو لە ناو ئاوەڕۆکانی ماڵەکەتدا پاشەکەوت نەبێت.
  •     درووست کردنی بەربەست بۆ ڕێگری کردن لە چوونە ناوەوەی ئاو بۆ ناو بیناکان بەتایبەت بۆ ناو نهۆمی ژێرزەمینی.

 

لەکاتی ڕوودانی لافاودا پێویستە چی بکرێت؟

  •     پێویستە بەرەو شوێنێکی بەرزتر بچیت بێ گوێدان بە کەلوپەلەکانت.
  •     ئاگاداری ئەو ناوچانە بە کە نزیک کەناڵی ئاو و جۆگە و ئاوەڕۆکانن چونکە لەکاتی ڕوودانی لافاودا ئاوێکی زیاتریان تێدا کۆ دەبێتەوە و پێویستە لێیان دوور بکەویتەوە.
  •     ئەگەر پێویست بوو ماڵەکەت جێ بهێڵیت ئەوا ئەو کەلوپەلانەی پێویستتن، بیانبە نهۆمێک بەرزتر وەک سەربان یاخود نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەت، تا لە زیان بەدووربن.
  •     کارەبای ناو ماڵەکەت بکوژێنەوە بۆ دووربوون لە کارەساتێکی دیکەی وەک شۆرتی کارەبا.
  •     بە هیچ جۆرێک بەرەو لافاوەکە مەڕۆ یاخود سەیارە لێ مەخورە چونکە ئەگەری زۆری هەیە لافاوەکە بتبات.
  •     ئەگەر لە ناو سەیارەکەتدا بوویت و لافاو ڕوویدا ئەوا لە ناویدا بمێنەوە و ئەگەر هەستت کرد لافاوەکە زیاد دەکات بەرەو سەر سەقفی سەیارەکەت بچۆ.
  •     ئەگەر لە ناو شوقە یاخود بینایەکی بەرزدا دەژیت بەرەو سەربانی ئەو شوێنە بچۆ تاوەکوو دووربیت لە زیانی لافاوەکە.

 

 

دوای ڕوودانی لافاو

  • - بە هیچ جۆرێک شۆفێری نەکەیت مەگەر زۆر پێویست بێت تاکوو ئەوکاتەی ڕایدەگەیەنن کە سەلامەتە شۆفێری بکەیت.
  • - لە کاتی پاککردنەوەی ماڵەکەتدا جلوبەرگی تایبەت و دەستکێشی تایبەت و پووتی تایبەت لە پێ بکە، بۆ دووربوون لە هەموو زیانێک چونکە دوای لافاو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە مەترسیدارەکانی ماڵەکەت ڕەنگە تێک چووبن و بڵاو بووبێتنەوە، بۆ نموونە شووشەیەک بەر دەستت یاخود قاچت بکەوێت و تووشی زیان ببیتەوە.
  • - ئەو کەسانەی هەناسەتەنگی یاخود هەر نەخۆشییەکی پەیوەندیدار بە سییەکانیانەوە هەیە یان لاوازی سیستمی بەرگرییان هەیە پێویستە دوور بکەونەوە لە پاککردنەوەی زیانەکانی دوای لافاو بەتایبەت لە شوێنە داخراوەکاندا بەهۆی کۆبونەوەی بۆن و تەنۆلکەی زیانبەخش کە زیانیان بۆ سییەکان هەیە.
  • - ئاگاداری هەبوونی مێرووە زیانبەخشەکان و ئاژەڵە مەترسیدارەکان بە چونکە ڕەنگە بەهۆی لافاوەکەوە هاتبێتنە ماڵەکەتەوە.
  • - دەست لە هیچ ئامێرێکی کارەبایی مەدە و بیانکوژێنەوە، چونکە ڕەنگە تەڕ بن و یاخود لەناو ئاوەکەدا بن و شۆرتی کارەبا درووست بکەن.
  • - ئاگاداری ئەو ڕێگەیانە بە کە بە سەیارە پیایاندا تێ دەپەڕیت، چونکە ڕەنگە بەهۆی لافاوەکەوە زەوییەکە لاواز بووبێت و دابڕمێت.
  • - ئەوەندەی دەتوانین لە ئاوی لافاوەکە بەدوور بە چونکە ڕەنگە بە بەنزین یاخود ماددە زیانبەخشەکانی تر تێکەڵ بووبێت و زیانت پێ بگەیەنێت.

سەرپەیڤ