13مین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە ھەولێر
لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 250 دەزگای چاپ و پەخش بە زیاتر 700 هەزار ناونیشان بەشدارن کە بە چەندین زمانی جیاواز نووسراوە.
لە نێوان 10 بۆ 20ی ئەم مانگە، پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب پێشوازی لە خوێنەران دەکات، زیاتر لە 250 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کە لە نزیکەی 35 وڵاتەوە هاتوون بە زیاتر لە 700 هەزار ناونیشان بەشدارن، چاپخانەكان هەندێکیان لە وڵاتانی دوورەوە هاتوون، وەک خۆیان دەڵێن، ئەزموونیان لەگەڵ خوێنەری کوردستان پەیداکردووە.
بەشێك لە چاپخانە کوردییەکان رازی نین لە شێوازی رێکخستنی پێشانگاکە بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە وەرگرتنی کرێ، چونکە وەك خاوەنی یەکێك لەو وەشانخانە کوردییانە دەڵێت، قازانجی کتێب بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
موخلیس یونس، خاوەنی یەکێك لەو وەشانخانە کوردییانە دەڵێت: "ئەگەر ئەو بڕە پارەیەمان لێوەربگرن ناچارین پێشانگا بەجێ بێڵین، چونكە باوەڕناكەین لەو پێشانگایە قازانج بكەین، ساڵانی پێشتر دامودەزگاكان و خەڵك دەھاتن كتێبیان لێدەكڕین، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی ئەوە ماوەی پێنج ساڵە كتێبەكانمان نافرۆشرێن".
بەشێك لەو کێشانەی ساڵانی رابردوو هەبوون پەیوەست بوون بە بوونی ئەو کتێبانەی هاندەری توندئاژۆیین، بۆ ئەمساڵ وەك دەگوترێ ئەو کێشەیە بنبڕکراوە.
ئیهاب قەیسی، رێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب راگەیاند: "بۆ جاری 13مە کە پێشانگاکە دەکەینەوە و یازدە رۆژ بەردەوام دەبێ، ساڵانە سێ بۆ چوار چاپخانەمان لە پێشانگاکە قەدەخە دەکرد کە دەیانویست کتێبی هاندەر بۆ توندئاژۆیی بفرۆشن، ئەمساڵێش رێگەمان نەداوە هیچ کتێبێکی لەو جۆرە بێتە پێشانگاکە".