دارستانەکانی ھیرکانی تۆماری جیھانی کرا
بە پشتڕاست کردنەوەی کارناسانی یەکێتیی نێونەتەوەیی پاراستنی سروشت (IUCN) لە چل و سێھەمین کۆبوونەوەی یۆنێسکۆ، دارستانەکانی ھیرکانی وەکوو دووھەمین کەلەپوورو میراتی سروشتیی ئێران ناوی خرایە نێو پێڕستی کەلەپووری جیھانیی یۆنێسکۆوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، لە لێکدانەوەی ئەم دۆسیەیەدا، سەرەتا نوێنەری یەکێتیی نێونەتەوەیی پاراستنی سروشت (IUCN) کۆمەڵێک زانیاریی لە بارەی دارستانەکانی ھیرکانی و مێژووەکەی و گژوگیاکانی و چەشنی گیان لە بەرانی ئەم ناوچەیەی ئاراستە کرد. ھەروەھا ھێندێک زانیاریشی لە بارەی ئەو ھەڕەشانەی کە ناوچەکە بەرەوڕوویان بووەتەوە ، لەوانە بڕینی نایاسایی دارەکان و ڕاوی نایاسایی درکاند. ئینجا پێشنیاری ئەوە کرا کە ئەم دۆسیەیە بە گوێرەی پێوەری نۆھەم ، تۆماری جیھانی بکرێت.
موحەممەد حسەین تالیبییان یاریدەری سەرۆکی کەلەپووری ڕۆشنبیریی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا وتی: ئێمە چەند ساڵ لەمەوپێش شۆرەکاتی لوتمان لە پێڕستی جیھانی دا تۆمار کرد و ئەمساڵیش توانیومانە دارستانەکانی ھیرکانی تۆمار بکەین کە دیارە ئەمەش دەبڕی ھەمەچەشنە بوونی ژینگەیە لە ئێراندا.