پیرەمێرد ئەمجارەیان لە دەریا نەگەڕایەوە_ نەجەفی دەریا بەندەری کۆچی دوایی کرد
نەجەفی دەریا بەندەری وەرگێڕ، نووسەری پێشەنگ، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ لە تەمەنی نەوەدویەک ساڵی و لە پاش تەمەنێک ھەوڵ و چالاکیی ماندوویی نەناسانە لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی کلتووری وڵاتەکەی، کۆچی دوایی کرد.
سوھرابی دە ریابەندەری کوڕی ئەم وەرگێڕە ناودارەی ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ھەژمارەکەی خۆی دا ئەم ھەواڵەی ڕاگەیاند و وێڕای سەرەخۆشی کردن لە تەواوی ھاوڕێکانی، داوای لێکردن بە مەبەستی پێشگرتن بە تەشنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆیان لە قەرەی سەردانی ماڵەکەیان نەدەن.
نەجەفی دەریا بەندەری لە دایکبووی یەکەمی گەلاوێژی ١٣٠٨ ی ئابادان، وەرگێڕو نووسەرێکی ھاوچەرخی ئێرانی بوو. وەرگێڕانی ھێندێک لە بەرھەمەکانی «ئێرنێست ھێمینگوێی» لەوانە «ماڵئاوایی لەگەڵ چەک» و «پیرەمێردو دەریا» لەو شاکارانەی ئەم وەرگێڕە بەتوانایەی ئێران دێتە ئەژمار. ڕێکخراوەی میراتی کەلەپووری ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ دا بەڕێز خوالێخۆشبوو نەجەفی دەریابەندەریی وەک خەزنەو گەنجینەیەکی زیندوو ناساندو ناوی تۆمار کرد.
خزمەتی دەریابەندەری بە زمانی فارسی تەنیا بە ڕێک و پێک کردنی یادگەی کۆمەڵێک لە کتێب خوێنەکان لە دەیەکانی چل و پەنجاو شەست و دواتریش بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکو بەرھەمە بێ ئەنژمارەکانی شیاوی ئەوەن کە بکرێنە پەڕتوکی وانەیی لە بواری جۆربەجۆری نووسین و وەرگێڕان دا. بەڕێزی سەرباری ئەوەی کە بۆخۆی قەت ڕێگای لە زانکۆ نەکەوت و مامۆستایەکی بێ فێرکار بوو، بەڵام گرینگترین وانە لە کۆمەڵەی کۆمەڵگاو ئەزمونەکانی ژیانی فێربوو. بەڕێزی لە بەر وەرگێرانی بەرھەمە ئەدەبییەکانی ئەمریکاش خەڵاتی « تۆرێنتۆن ڤایلدێز»ی لە زانکۆی کۆلۆمبیا وەرگرت. زۆرێک لە شاعیران و کەسایەتییە ناودارەکانی ئێران لەوانە ئەحمەدی شاملو، مەھدیی ئەخەوانی سالیس، ھوشەنگی ئیبتیھاج، سیاوەش کەسرایی، ئیبراھیمی گوڵستان، سادقی چوبەک لە ھاوڕێییانی نزیکی ئەم وەرگێڕونووسەرە ناودارە بوون و بەردەوام لە دەوری خڕ دەبوونەوە.
خوالێخۆشبوو نەجەف دەریا بەندەری لەو باوەڕەدا بوو کە وەرگێڕان زانست نییە، بەڵکو کردارەو کارێکە کە مرۆڤ بە ڕاھێنانی بەردەوام و ڕێک و پێک فێری دەبێت و تاقیکاری و ھەڵە ڕۆڵێکی گرینگی تیادا ھەیە. دەریا بەندەری لەو باوەڕەدا بوو کە وەرگێڕانی باش ئەو وەرگێڕانەیە کە ئەگەر نووسەرەکە بۆخۆی ھاوزمانی وەرگێڕەکە بایە، دەقەکەی ھەر بە ھەمان شێوە داڕشتبایە کە وەرگێڕدرا بوو. ئینجا وەرگێڕێکیش کە بە ئاوا گریمانەوبۆچوونێکەوە خۆی تەیار کرد با یەکسەر دەچووە قەواخی نووسەرەکەوەو وەک ئەو دەینووسی.
ئەم وەرگێڕونووسەرە ناودارەی ئێران بە داخ و مەخابنێکی زۆرەوە ڕۆزی دووشەممە لە تەمەنی نەوەدویەکساڵی دا لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد... ڕۆحی شاد.