ئەمڕۆ ڕۆژی ڕێزنان لە یادی فیردەوسی، حەماسەبێژو شاعیری گەورەی ئێرانە
١٤ی مای ڕێککەوت لەگەڵ ٢٥ی گوڵان ڕۆژی حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسی، حەماسەبێژو شاعیری گەورەی ئێران و ڕۆژی پاسەوانی کردن لە زمان و وێژەی فارسییە.
حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسی شاعیری گەورەی ئێران لە ساڵی ٣٢٩ی کۆچیی مانگی (١٠٢٠_٩٤٠ زایینی) لە شاری توسی باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران لە دایک بوو.
حەکیم فردەوسی بە درێژایی ھەشتا ساڵی تەمەنی، وەھا تاسەو زەوق و بەھرەیەکی شاعیرانەو ھۆگرییەکی لە ڕادەبەدەر بۆ زیندوو کردنەوەی ناوی کەسایەتییە نیشتیمانییەکانی ئێران لە ناخی دا پەنگی خواردبووەوە کە شاکارێکی گەورەی وەک شانامەی لێ کەوتەوە.
شانامەی فیردەوسی کە داگری نزیکەی پەنجاھەزار دێڕە، کۆمەڵێک چیرۆکی نیشتیمانی و کەونارایی پاشاکانی سەردەمی کۆن و پاڵەوانانی گەورەی ئێرانەو باسی ھەڵس و کەوتی پاڵەوانانەو سەرکەوتن و ئازایەتی و بوێری و دیندارییان دەکات.
گومان لەوەدا نییە کە فیردەوسی گەورەترین شاعیری پارسی زمانە و بەرھەمە بایەخمەندەکەی واتە شانامە گرانبایی ترین شاکاری ھەرماوی زمان، ھزرو کلتووری ئێرانییەو زۆرێک لە توێژەران بە گەورەترین حەماسەی جیھانیان زانیوە.
ھەموو ساڵێک ئاھەنگ و ڕێ و ڕەسمی جۆربەجۆری زۆر بۆ یادی ئەم شاعیرە فارسی زمانە لە لایەن ھۆگرانی فیردەوسی لە ئەنجومەن و کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبییەکانەوە لە سەرتاسەری جیھان و ئێران بەرپا دەکرێت.
«سەیید عەبباس ساڵحی» وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵگەڕی ڕێزنان لە حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسی و لە زمان و وێژەی فارسی، وتی: ئاسمانی تژی لە شانازی و شکۆمەندیی وێژەی ئێران، پڕیەتی لە ئەستێرەگەلێکی پرشنگدار کە بەردەوام مێژووی بەرزو کۆنی ئێرانی بە ڕووناک و تریفەدار ھێشتووەتەوە.