May 29, 2020 12:03 Asia/Tehran
  • چاوپێکەوتن لەگەڵ وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق و ترسی توشبوون بە کۆڤیدی_١٩

یانەی هەولێر ئەنجامی پشکنین و تاقیکاریی سەرۆک و ژمارەیەکی دیکەی لە بەرپرسانی یانه‌که‌ی راگه‌یاند که‌ دیداریان له‌گه‌ڵ «عه‌دنان دەرجال» وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق کردووه‌ و بە پێی پشکنینەکەش وا دیارە کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ماوەیەک لەمەوبەر کۆمەڵێک لە بەرپرسانی یانەی ھەولێر چاویان بە «عه‌دنان دەرجال» وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق کەوت و دواتر بۆیان دەرکەوت کە دەبێ بە زووترین کات پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت.

لەم بارەیەوە رێبین رەمزی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە، ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای ھەریەکە لە «شاکر ئەحمەد سمۆ» بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و «عەبدوڵا مەجید» سەرۆکی یانەی ھەولێر و «ئەیاد بنیان» سەرۆکی لیژنەی کاتیی یەکێتی تۆپی پێی عیراق و «ئەحمەد کۆچەر»و «شامل کامل» ئەندامانی لیژنەی کاتی دەرچوو، کە نێگەتێف بووە و ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ توشی کۆرۆنا نه‌ھاتوون.

جێگای ئاماژەیە لە پاش دیداروچاوپێکەوتنی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پارێزگای ھەولێر لەوانە بەرپرسانی یانەی شارەکە لەگەڵ وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق، ئەوە ئاشکرا بوو کە دوو لە پاسەوانەکانی کۆرۆنایان ھەبووەو ھەر ئەمەش وای کرد کە ئەوانەی بەشداری چاوپێکەوتنەکە بوون بە پەلە پشکنینی ئەو ڤایرۆسەیان بۆ بکرێت.

با ئەوەش بوترێت کە یەکێک لەو بەرپرسانەی وا وەزیری وەرزش و لاوان و شاندەکەی یاوەری دیداریان لەگەڵیدا هەبووە «فرسەت سۆفی» پارێزگاری هەولێرە.