ئۆلەمپیک ،،، باڵوێزی ئێران لە ژاپۆن: سەرکەوتنی وەرزشوانانی ئێرانی لە ئۆلەمپیکی تۆکیۆ بووە ھۆی شانازیی نیشتیمانی.
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژاپۆن سەرکەوتنی وەرزشوانانی ئێرانی لە ئۆلەمپیکی تۆکیۆی بە مایەی ھەڵکشانی شانازیی نیشتیمانی، گەشەی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی لە نێو بنەماڵەی گەورەی وەرزش زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «مورتەزا ڕەحمانیی مۆوەحید» باڵوێزی ئێران لە ژاپۆن ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنێکی گەرم و گوڕدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھەڵسوڕاوانی ئێرانیی بواری وەرزش کە دانیشتووی ژاپۆنن، داخرانی کاروانی وەرزشیی ئێران بە دەستخستنی ٣ میدالیای زێڕ، ٢ میدالیای زیوو ٢ میدالیای برۆنز لە کێبەرکێکانی ئۆلەمپیکی بە بەشدارییەکی شیاوو لە ئاستی وڵاتی زانی.
«مەھدی عەلی نەژاد» یاریدەری وەزیری وەرزش و لاوانی ئێرانیش لەم ئاھەنگەدا وێڕای ستایشی ھەوڵ و تێکۆشانی باڵوێزخانەی ئێران لە بەر ئاسانکارییەکانی بۆ بەشداریی ھەڵسوڕاوانی ئێرانی لە ئۆلەمپیکدا وتی: وەرزش زمانی ھاوبەشی نێوان وڵاتانەو دەبێتە ھۆی ھێزمەند بوونی ورەی یەکگرتنی نیشتیمانی و گەشەی کۆمەڵایەتیی نێوان گەلان.
بە قسەی یاریدەری وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران ئەو سەرکەوتنانەی لە ئۆلەمپیکی تۆکیۆدا مسۆگەر کراون و گیرسانەوەی ئێران لە پلەی بیست و حەوتەمی جیھان بابەتێکی بەرچاوو جێی سەرنجە و لەڕووی کوالیتەوە دووھەمین دەرەنجامی باشە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە ھەتا ئێستا.
لە کۆتاییش دا بەشدارانی دانیشتنەکە «پیشانگای ئێرانی جوان»یان کە لە شوێنی باڵوێزخانەی ئێران لە تۆکیۆ بەرپا کراوە بەسەر کردەوە.