بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی؛ سوودەکان و لایەنە نەرێنییەکانی
بەراوردکردنی خۆمان لەگەڵ کەسانی تر بارێکی قورس دەخاتە سەر دەروونمان.کاتێک خۆمان بە خوشک، برا، دراوسێ، هاوکار و هتد بەراورد دەکەین، کۆمەڵە هەستێکی جۆراوجۆرمان دەبێت.
مێژووی تیۆریی بەراوردکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر. له ساڵی 2014 لیۆن فێستنگر (Leon Festinger) یەکەم کەس بوو کە ئەم تیۆرییەی دانا؛ ئەو پێی وابوو مرۆڤەکان بە هەڵسەنگاندنی خۆیان و بەراوردکردنی خۆیان بە کەسانی تر تووشی پشێوییەکی دەروونی دەبن. ئێمە هەموومان بە شێوەیەکی جیاواز بڕیار لەسەر خۆمان دەدەین و بۆ هەڵسەنگاندنی خۆمان بەراوردی کۆمەڵایەتی دەکەین.
بۆ نموونە، کاتێک ناوی خۆت له وانەیەکی مۆسیقا دەنووسیت، دوای چەند وانە و پێشکەوتنی پۆلەکە دەست دەکەیت بە بەراوردکردنی خۆت بە هاوپۆلەکانت، هەمووان هەڵدەسەنگێنیت و دەتەوێت بزانیت له کامەیان باشتریت و لە کامەیان خراپتر. ئەگەر بۆت دەربکەوێت کە لە هاوپۆلاکانی تر باشتریت، ئینجا ورە و هەوڵدانت زیاتر دەبێت. لیۆن فێستنگر دەڵێت: ئێمە دەست دەکەین بە بەراوردکردنی خۆمان بە کەسانی تر تا بە بەدەستهێنانی هەندێ نموونە، هەڵسەنگاندنێکی ڕاست بۆ خۆمان بکەین.
بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی بریتییە لەم دوو جۆرانە:
یەکەم؛ بەراوردکردنی خۆ بە کەسانی باشتر: هەندێ کات بۆ بەراوردکردن دەچینە سۆراغی ئەو کەسانەی کە وا هەست دەکەین لە ئێمە باشترن، بە دروستبوونی بەراوردێکی ئاوا هەستی پێشکەوتن و باشتربوون دروست دەبێت لە ناخماندا. بە هەڵسەنگاندنی کارەکانی کەسێکی لە خۆمان باشتر، ئێمەش دەمانەوێت باشتر بین و خۆمان بەرزتر بکەینەوە، بۆ نموونە، لە تیمی تۆپی باسکەی قوتابخانە بەشداریت و دەبینیت هەندێک بەشداربوو بەهێزترن، سەرەتا لەوانەیە کەمێک پێت ناخۆش بێت و وابزانیت لەوان کەمتریت، لێرەدا بەراوردکردن ڕێگایەکە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەی بگەیت بە ئەوان و بەهێزتر بیت، لە کاتی ڕاهێنان تێدەگەیت تۆش دەتوانیت باشتر بیت وەکوو ئەوانی تر، تەنانەت باشتر لەوانیش بیت.
دووەم؛ بەراوردکردنی خۆ بە کەسانی خراپتر: هەندێ کات خۆمان بەراورد دەکەین بە کەسانی لە خۆمان خراپتر کە سەرکەوتنی کەمتریان هەیە، ئەم شێوازە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحییەت و متمانەبەخۆبوونی ئێمەیە. هەڵبەت کەس لە کەس زیاتر نییە، بەڵام دەبێت قبووڵی بکەین کە توانای مرۆڤەکان جیاوازە لە یەکتر و هەر کەسەو دەتوانێت لە بوارێکدا باشتر بێت لە یەکێکی تر.
بۆ نموونە، تۆ خۆت بە هاوڕێکەت بەراورد دەکەیت و دەبینیت کە تۆ وەرزشکاریت و جەستەیەکی ڕێکت هەیە ئەمەش بوێریت پێ دەدات کە بەشداری بکەیت لە پێشبڕکێی ماڕاتۆن. کاتێک لەوێ ئامادە دەبیت، ڕووبەرووی کەسانێک دەبیتەوە کە زیاتر ئامادەن و باشترن لەوانەشە وا نەبێت، بەهەرحاڵ بەراوردکردنی خود بە کەسانی لاوازتر ڕێگایەکە بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێش چوون.
لایەنە ئەرێنییەکانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی
بەراوردکردنی خود بە لاوازترەکان لەوانەیە ببێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون. لەوانەشە وێنا و هەستێکی باشمان دەربارەی خۆمان بۆ دروست بکات، لایەنی ئەرێنی بەراوردکردنی خود بە باشترەکان و خراپترەکان لەوەدایە کە ئەنگیزە دروست دەکات بۆ زیاتر هەوڵدان و گۆڕینی پێگە و به ئامانج گەیشتن، وەرگرتنی وزەی ئەرێنی له بەراوردکردنی خود لەگەڵ باشترەکان، ڕێگایەکە بۆ پێشکەوتن. بەڵام مەرج نییە هەمیشە وابێت و دەکرێت بەراوردکردن بە هەر دوو جۆرەکەیەوە لایەنی نەرێنیشی هەبێت.
لایەنە نەرێنییەکانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی: "دزی دڵخۆشییە"
تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (Theodore Roosevelt)، تێڕوانینێکی سەیری بۆ بەراوردکردن هەیە. بەڕای ئەو، بەراوردکردن "دزی دڵخۆشییە". هەندێک کات بەراوردکردن ئەو کاریگەرییە باش و ئەرێنییانەی نابێت کە باس کرا و دەکرێت له ئەنجامدا ببێتە هۆی دروستبوونی هەستی زۆر خراپ لە ئێمەدا. یەکێک لە ئەنجامە نەرێنییەکانی بەراوردکردن ململانێی زیاد له پێویست لەگەڵ ئەوانی ترە. ئەگەر بمانەوێت ململانێ و پێشبڕکێیەکی زۆر بکەین لەگەڵ ئەوانی تر و بگەین بە ئاستی کەسە باشەکان له بواری جیاوازدا، ماندوو دەبین و ئارامی دەروونیمان نامێنێت، متمانە بەخۆبوونمان کەم دەبێتەوە، هەستی خراپی وەکوو ئیرەیی بردن یان حەسوودیمان تیا دروست دەبێت.
بەراوردکردنی خود بە ئەوانی تر هەندێ کات دەبێتە هۆی تێگەیشتنی هەڵە لە ناسینی کەسەکان و بیرکردنەوەی نا تەندرووست لە بیرماندا دروست دەکات. بۆ نموونە، هەندێ کات بەراوردکردنی خود بە کەسانی لە خۆمان خراپتر ئەو بیرکردنەوەیەمان لا دروست دەکات کە لە کەسانی تر باشترین، بەڵام لە کاتی بەراوردکردن بە کەسە باشترەکان لە هەمان بواردا دەریدەخات کە ئێمە بەراستی لەو بوارەدا باشترین و تایبەتترین نین.