ئادار 30, 2023 20:48 Asia/Tehran
  • حەماس: یەکگرتنی نیشتیمانی و خۆڕاگری تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین

بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕایگەیاند؛ یەکگرتنی نیشتیمانی و بەرخۆدانی هەمەلایەنە،تاکە ڕێگایە بۆ سەندنی مافەکانی گەل و ڕزگارکردنی سەرزەوینی فەلەستین.

بزوتنەوەی حەماس ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ڕێزنان لە «ڕۆژی زەوی» جەختی لەوە کردەوە کە: تەنانەت دەستبەرداری  بستێکی خاکی فەلەستینیش نابین و گەلی فەلەستین پابەند دەبێت بە ڕزگارکردنی هەموو خاکەکەیەوە.

حەماس لەم بەیاننامەیەدا وەبیری هێنایەوە کە؛ پلان و پیلانی داگیرکەران و تاوانەکانیان لە دزینی سەرزەوینی فەلەستین و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامە و شوناسی عەرەبی و مێژوویی ھیچ ئاکامێکی لێ ناوەشێتەوە، شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا گەوهەری خاکی مێژوویی فەلەستینە و بەرگریی لێدەکەین.

بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕانەوەی پەنابەرانی فەلەستینی بۆ نیشتیمانی خۆیان مافێکی واجیبە کە کەس بۆی نییە پشتگوێی بخات.

لە ٣٠ی ئازاری ١٩٧٦دا ڕژێمی زایۆنی دەستی بەسەر هەزاران دۆنم زەویی فەلەستینی لە ناوچەی «ئەلجەلیل» گرت کە دەکەوێتە باکووری فەلەستینی داگیرکراوەوەو دوابەدوای ئەم کردەوە تاوانکارانەیە گەلی فەلەستین مانگرتن لە خواردن و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان دەست پێکرد.

ناڕەزایەتی دەربڕینی فەلەستینیەکان پێکدادانی توند لەگەڵ لەشکریانی ئیسرائیلیی لێ کەوتەوە، ٦ فەلەستینی بەهۆی گولەی داگیرکەرانەوە لەم پێکدادانانەدا شەهید کران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. ئەم ڕۆژە وەک «ڕۆژی زەوی» ناودێر کراوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی سوریا بەبۆنەی چل و حەوتەمین ساڵڕۆژی «ڕۆژی زەوی» بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیای دا ڕایگەیاند: ئینتیفازەی «ڕۆژی زەوی»ی بە هەنگاوێکی پێشکەوتوو لە ئاراستەی بەدیهێنانی مافی گەلی فەلەستین لە خاکەکەیدا زانی و جەختی لەوە کردەوە؛ پرسی فەلەستین هەمیشە وەک ئامانجی سەرەکیی سوریا دەمێنێتەوە.

پەرلەمانی سوریا لەم بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە، ئەم ئینتیفازەیەی گەلی فەلەستین بوومەلەرزەیەکی سەخت بوو کە ڕژێمی دەستدرێژکاری زایۆنی و هەموو تاوانبارانی هەژاندو گەلی فەلەستین توانی بوونی خۆی لە  خاکە پیرۆزەکەی دابچەسپێنێت و جەخت لەوە بکاتەوە کە فەلەستین تەنها بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیەتی.

سەرپەیڤ