٣٦ ڕۆژ باهۆزی ئەقسا؛ نەخۆشخانەی شفا بێ کارەبا و ئۆکسیژنە و شەڕ و پێکدادانی قورس لە دەڤەری نەخۆشخانەکە بەردەوامە
لە سی و شەشەمین ڕۆژی پەلامارەکانی ڕژێمی ئیسراییل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە کاتێکدا کە داگیرکەران بەردەوامن لە پەلاماری تۆپخانەیی و ئاسمانییان بۆ سەر ماڵ و ناوچە ئاوەدانەکان و خەڵکی مەدەنیی ئەم ناوچەیە، پەلامارەکانی داگیرکەرانی زایۆنی بۆ سەر نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی غەززە تووندتر بۆتەوە.
محەممەد ئەبوسەلمیه، بەرپرسی کۆبینای پزشکیی "شفا" لە غەززە وتی: هێڵی سەرەکیی دابین کردنی ئۆکسیژنی ئەم نەخۆشخانەیە لەبەر بۆردومانەکانی ڕژێمی زایونی پچڕاوە و داگیرکەران بە ئەنقەست سوورن لە سەر کوشتنی هەموو کەسانی خەوێندراو لەم نەخۆشخانەیەدا و ئێمە لەبەر بڕانی کارەبا و نەبوونی ئۆکسیژن هیچمان لە دەست نایە بۆ بریندارەکان.
ناوبراو وتیشی: درۆنی زایونی هەموو ئەو کەسانەی بۆردومان دەکەن کە لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدان و کۆرپەیەکی ساوایش لەم بۆردومانانەدا گیانی لە دەست داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندرووستیی غەززەیش پێی داگرت کە نەخۆشخانەی شفا لە غەززە سێ ڕۆژە کە بێوچان ڕاستەوخۆ بۆردومان دەکرێ.
مونیر ئەلبەرش بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە ئەمڕۆ بەیانی ڕایگەیاند کە داگیرکەران دەیانهەوێ بە کێشانی وێنە لە خۆیان لە تەنیشت نەخۆشخانەی شفای شاری غەززە، خۆیان لە وەهم و خەیاڵدا بە سەرکەوتوو نیشان بدەن.
ئەلبەرش لە وتەکانیدا لەقاوی دا کە بنەماڵەی شەهیدان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە نەخۆشخانە دەرکەون، ئەسپەردەکردنی ڕۆلەکانیان گونجاو نییە بۆیان. بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندرووستی غەززە وتی: بێتوو زیندوو بمێنین لەم ڕۆژانە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نەخۆشخانەی شیفا هەڵدەکەنین بۆ ناشتنی سەد شەهید، لەبەر ئەوەی کە ڕۆیشتنەدەرمان لێرە گونجاو نییە.
خلیل الدقران، وتەبێژی نەخۆشخانەی شوهەدای ئەقسا لە شاری دەیرولبەلح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەیش وتی: ناتوانین لەبەر کەمبوونی دەرمان، پێداویستییەکانی هەژمارێکی زۆر بریندار دابین کەین کە دەیانگەیەننە نەخۆشخانە. دەقران وتیشی: شۆفێری ئامبوڵانسەکان سەرباری هەواهەنگی لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی لە کاتی کار کردنیان لە پارێزگاکانی کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە قۆڵبەست کراون.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی لە وتاردانیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕەوشی نەخۆشخانەکان و باروودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە رایگەیاند کە بە هۆی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی ، هەر دە خولەک منداڵێکی فەلەستین لەم ناوچەیە گیانی لەدەست دەدات.
تێدرۆس ئەدهانۆم وتی: غەززە یەکجار پێویستی بە خۆراک و ئاو هەیە و زۆربەی کوژراوانیش ژن و منداڵن. ناوبرا وتیشی: یەک ملوێن و نیو فەلەستینی لە نێو خودی کەرتی غەززەدا ئاوارە بوونە و ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک بست جێگەی ئەمن و هێور لەم کەرتەدا بوونی نییە.
بە پێی بەیاننامەکە وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە، ژماری شەهیدانی فەلەستین بە هۆی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئیستا، زیاتر لە یازدە هەزار شەهیدە کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون.