تشرینی دووه‌م 13, 2023 10:00 Asia/Tehran

لە سی و حەوتەمەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا و پەلاماری بەربڵاوی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە ، ژێدەرە هەواڵییەکان لە کەرتی غەززەوە ڕاپۆرتیان داوە کە سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆردومانی کەرتی غەززەی تووندتر کردۆتەوە و جگە لە نەخۆشخانەی شفا، نەخۆشخانەی قودسیشی گەمارۆ داوە. هێزەکانی خۆڕاگریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی زایۆنییەکان، دیسان دەستیان دایەوە تیابردنی تانک و ترۆمبیلە سەربازییەکانی سوپای ئیسراییل.

بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکانی غەززە رایگەیاند: داوا لە برایانمان لە مسر دەکەین کە کاروانەکانی فریاگوزاری بنێرن بۆ گواستنەوەی ٦٥ نەخۆش لە غەززەوە بۆدەرەوەی ئەم ناوچەیە. ناوبراو وتیشی: لە کاتژمێر ٩ی ڕۆژی هەینییەوە لەبەر بۆردومانی بێوچانی زایۆنییەکان هیچ ئامبوڵانسێک نەهاتۆتە نێو کۆبینای پزشکیی شفاوە. نووسینگەی میدیایی حکومی لە غەززەیش ڕایگەیاند: داوا لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی غەززە دەکەین خێرا سەرنجیان بخەنە سەر نەخۆشخانەی شفا و ئەم نەخۆشخانەیە و ستافی پزشکی و هەموو کەسانی نێو کۆبیناکە بپارێزن. بەرپرسی ئورژانسی غەززە جەختی کرد: ئەو خوێندنگە و ناوەندانەی کە ئاوارەکانییان تێدا سەقامگیر بووە، یەکسەر لەژێر پەلاماری زایۆنییەکاندان. ناوبراو وتیشی: نەخۆشخانەی قودس لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە لەبەر نەبوونی سووتەمەنی بە کردەوە پەکی کەوتووە. بەرپرسی ئورژانسی غەززە وتی: نەخۆشخانەی قودس ئەوا یەک هەفتەیەک دەبێ کە گەمارۆ دراوە و تانکە زایۆنییەکان تەنیا نزیکەی ٢٠ مەتر مەودایان لەگەڵ ئەم نەخۆشخانەیە هەیە. 

هەروەها ئەشرەف قەدرە وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی غەززەیش وتی: داگیرکەرانی زایۆنی کۆبینای پزشکیی شفایان کردۆتە گۆڕەپانی شەڕ. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان داوە بۆ ئاراستەکردنی ڕاژەکاری دەرمانی و پزشکی، بەڵام ئیتر هیچمان بۆ نەماوە. ئێمە ئیتر ئیمکاناتی ئەوەمان نییە کە گیانی برینداران و نەخۆشانی نەخۆشخانەی شفا ڕزگار کەین. ناوبراو وتیشی: ئێستاکە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لەوان بنەماڵەگەلی ئاوارە، ستافی پزشکی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و برینداران و نەخۆشان لە نێو ئەم نەخۆشخانەیەدان. ڕێکخەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کاردانەوە بە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر نەخۆشخانەی شفا لە کەرتی غەەزە پێیداگرت: نەخۆشخانە جێگایەکە بۆ پەنا بردن نە جێگای شەڕ و کوشتن. مارتین گریفیتس،  ڕێکخەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە تویتێر نووسی؛ بە سەرنج دانی پەلامارە بێ بڕانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە، کردەوەگەلی جەنگی لە ناوەندە دەرمانییەکان کە بونەتە هۆی بێ ئاو و کارەبا مانەوەی ئەم ناوەندانە و پەلاماردانی نەخۆشخانە و کەسانی مەدەنی کە هەوڵ دەدەن هەڵبێن، هیچ پاساوێکی بۆ نییە. بە پێی هەواڵێکی دیکە دوبەدوای تەقەی سەربازانی زایۆنی لە شارۆچکەی "عەرابە"هەڵکەوتوو لە باشووی ڕۆژاوای شاری جنین "وەسام جمال حمران" لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و "امیر عرقاوی" لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی فەلەستینی شەهید بوون. بە هۆی پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچەی «تل‌الزعتر» لە باکووری کەرتی غەززە، ٩ فەلەستینی شەهید بوون. لە کاتێکدا کە تائێستا زیاتر لە ١١ هەزار و ١٠٠ کەس لە فەلەستینیەکان لە پەلامارەکانی ڕژێمی ئیسراییل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و زۆربەیان ژن و منداڵن، سنووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) خوازیاری دامەزرانی خێرای ئاگربڕ لە کەرتی غەززە بووە. "کاترین ڕاسێڵ" بەرپرسی کارگێڕی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پلەتفۆرمی ئیکسدا نووسی: ئێمە ڕاپۆرتگەلێکی یەکجار تۆقێنەرمان پێ دەگات سەبارت بە مردنی ساوایانی زوولەدایکبوو لە نەخۆشخانەکانی غەززەدا. هاوکات وتەبێژی سوپای ڕژێمی زایۆنیش وتی: هەژماری سەربازان و ئەفسەرانی ئیسراییلی کە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا کوژراون گەیشتۆتە ٣٦٥ کەس. 

سەرپەیڤ