بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شفا: نەخۆشخانەکە بووە بە گۆڕستان
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شفا لە شاری غەززە بە ئاماژە بە ڕەوشی قەیرانیی ئەم نەخۆشخانەیە جەختی کرد کە نەخۆشخانەی شفا بووە بە گۆڕستانێکی تەواو.
بەڕێوەبەری کۆبینای پزشکیی شفای غەززە لە لێدوانێکدا وتی کە دوابەدوای داڕزین و بۆنگرتنی تەرمەکانی نێو نەخۆشخانە و ڕێگانەدران بە گواستنەوەیان بۆ دەرەوە، ناچار بووین شەهیدەکان لە نێو خودی نەخۆشخانەدا بنێژین. ناوبراو جەختی کرد: ئەو گۆڕانەی کە هەڵیادەکەنین بچووکن و جێگای هەموو شەهیدەکانمان ناکەنەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شفا وتیشی: ڕۆژی ڕابردوو بە بێ سڕ و بێهۆش کردن و بە بێ ئوکسیژن ناچار بووین بە ئەنجام دانی نەشتەرگەرییە پێویستەکانمان. ژمارێک لە بریندارەکان لە نێو نەخۆشخانەدا شەهید بوون. نەخۆشخانەکەمان ئێستا بۆتە گۆڕستانێکی ڕاسینە بۆ نەخۆشان و برینداران.
پێشتر ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاندبوو: تەنیا موەلیدەی کارەبای نەخۆشخانەی ئەمەل لە خان یونسیش پەکی کەوتووە کە ئەوەش مەترسییە بۆ گیانی ٩٠ نەخۆش و زیاتر لە ٩٠٠٠ ئاوارە.
ڕژێمی زایۆنی لە پەلامارەکانیدا جگە لە ژنان و منداڵان و جەنایەتی جەنگی پەلاماری نەخۆشخانەکانیش دەدات و پێش دەگرێ بە گەیشتنی سووتەمەنی بە کەرتی غەززە بۆ دابین کرانی کارەبای نەخۆشخانەکان، کە ئەوەش بۆتە هۆی لەکارکەوتنی موەلیدەی کارەباری نەخۆشخانەکان و بڕانی کارەبایان.
میدیا فەلەستینییەکانیش ئەمڕۆ سێشەممە باسی بەردەوام بوونی پەلامارە جەنایەتکارانەکانی داگیرکەران بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کرد. کەناڵی ئەلجەزیرەیش راپۆرتی دا کە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی ماڵێکیان لە ئۆردوگای نەسیرات کوتاوە.
یونیسێفیش ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە ئاوارە بوونە و ناچار بوون ماڵ و ژیان و هەموو شتێکیان بەجێ بێڵن.
"شۆ دۆنیۆ" بەڕێوەبەری گشتیی فائۆیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوەیە بڕوای وایە هیچکام لە دانیشتوانی غەززە لەم ڕەوشەدا ئاسایشی خۆراک و خواردنیان نییە. ناوبراو وتیشی: تووندتر بوونی پەلامارەکان کاریگەرییەکی یەکجار خراپی داناوەتە سەر هەموو ڕەهەندەکانی ئاسایشی خۆراک و خواردنی ئەم ناوچەیە.
لە لایەکی دیکەوە یەکینەکانی قەسام نیوەڕۆی ئەمڕۆ باسی کوژرانی دوو سەرباز و بریندار بوونی سێ سەربازی دیکەی سوپای ڕژێمی زایۆنیی کردووە لە ناوچەی بەیت حانوون لە باکووری کەرتی غەززە.
پێشتریش خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین بنکە و مەتەرێزەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنییان دابوویە بەر پەلاماری مووشەکی و تۆپخانەیی خۆیان.شەڕێکی قورس لە نێوان خەباتکارانی خۆڕاگری و هێزەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە گەڕەکی ڕەماڵ" و هەروەها لە گەڕەکی شێخ عەجلەین" لە ڕۆژاوای ناوچەکە بەردەوامە.
شایانی باسە ناوەندی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاندووە کە ژماری شەهیدانی غەززە تا ئێستا گەیشتۆتە ١١٥٠٠ کەس کە ٥١٠٤ شەهیدیان منداڵ و ٣١٣٠ـیان ژنن. هەروەها ژمار بریندارانیش سنووری ٢٩٠٠٠ کەسی تێپەراندووە.