تشرینی دووه‌م 26, 2023 10:30 Asia/Tehran

پاش دانوستانێکی دوور و درێژ لە ئاکامدا ئاگربڕێکی چوار ڕۆژە لە نێوان ڕژێمی ئیسراییل و خۆڕاگریی فەلەستین بە شێوەی فەرمی لە ڕۆژی هەینیی ٢٤ی نۆڤەمبەرەوە دەست پێبووە.

بە پێی ئەم ئاگربڕە، ٥٠ دەستبەسەرکراوی ئیسراییلی دەستی حەماس لەوان ژن و منداڵی تەمەنی خواری ١٩ ساڵ، لە هەمبەر ١٥٠ دیلی فەلەستینی و منداڵی تەمەنی کەمتر لە ١٩ ساڵ کە لە بەندیخانەکانی ڕژێمی زایۆنیدان، ئازاد دەکرێن.

راگیردرانی گەشتی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی ئیسراییل لە باشووری کەرتی غەززە لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە ڕۆژدا واتە لە ١٠ی سەرلەبەیانییەوە تا ٤ی پاشنیوەڕۆ ، لە بڕگەکانی ئەم ئاگربڕە کاتییە ڕاگەیەندراوە.

لە ڕۆژانی ئاگربڕی کاتیدا، دەبێ هاتووچۆی ئازدانەی خەڵک لە کەرتی غەززە دەستەبەر بکرێ و بەتایبەت لە شەقامی سەڵاحەدین کەس نابێ پەلامار بدرێ و هاتووچۆ لە باکووری کەرتی غەززەوە بەرەو باشووری دەبێ گونجاو بێ. لەم ماوەیەدا هەروەها نابێ داگیرکەران پەلاری کەس بدەن یان تەنانەت یەک کەسیش قۆڵبەست بکەن.

بە بڕوای زۆربەی کارناسان سەرباری ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگ و نیوی رابردوودا پاش داسەپاندنی شەڕێکی هەمەلایەنە بە سەر غەززە، زیاتر لە ٥٠ هەزار دانیشتووی غەززەی کوشتووە یان بریندار کردووە و زیاتر لە نیو ملوێن کەسیشی بێ ماڵ و حاڵ و ئاوارە کرد و زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلاریش زیانی ئابووری داسەپاندە سەر کەرتی غەزە، بەڵام لە هێنانەدیی ئامانجی سەربازی و راگەیەندراوی خۆی لە داسەپاندنی ئەو شەڕەدا نەک هەر هیچ دەسکەوتێکی بەنسیب نەبوو، بەڵکوو شکستێکی گەورەیشی بەخۆوە بینی.

ڕژێمی زایۆنی لە پەنجا ڕۆژی رابردوودا بە سەرکردایەتیی کەسایەتیگەلێکی تووندڕەوی وەک نەتانیاهوو و یواو گالانت و ئیتمار بن گوێر ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی ژیان لە غەزە بە تەواوەتی تیابەرێ، بەڵام لە ئاکامدا لە بەر داماوی و بێدەسەڵاتی و لە ژێر گوشاری بیر و رای گشتیی هەموو جیهاندا، ملکەچی ئاگربڕ بوو و لە ڕێککەوتنێکدا کە بە بڕوای زۆرێک لە کارناسان سەرکەوتنێک بۆ خۆڕاگریی فەلەستین دێتە ئەژمار، ئاگربڕی قەبووڵ کرد.

نەتانیاهوو و هاوڕێ شەڕخوازەکانی هەڕەشەیان کردووە کە پاش ئەم چوار ڕۆژە، پلانە گشتییەکەی خۆیان بۆ تیابردنی غەززە دەست پێ دەکەنەوە. خۆڕاگریی فەلەستینیش کە لە پەنجا ڕۆژی رابردوودا لاپەڕەیەکی تازەی لە توانا و لێهاتووییەکانی خستۆتەبەرچاو و زەبری یەکجار قورس و گورچکبڕی لە زایۆنییەکان داوە، جەختی کردووە کە بەرامبەر بە زایۆنییەکان پەنجەی هەر لە سەر پەلەپیتکەدایە. 

سەرپەیڤ