کانونی یه‌که‌م 02, 2023 16:50 Asia/Tehran

سەرچاوەکانی هەواڵ باسی شەهیدبوونی پەیامنێری کەناڵی ئەقسایان کردووە لە جەنگەی دەستدرێژیی تازەی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: "عەبدوڵڵا دەروێش" کامێرامان و پەیامنێری تۆڕی ئەقسا لە کاتی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بووە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین ڕاشیگەیاندووە، بە شەهیدبوونی ئەم پەیامنێرەی تۆڕی ئەقسا، ژمارەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە واتە سەرەتای دەستپێکرانی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقساوە گەیشتووەتە ٧١ کەس.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ڕاگەیاندنکار لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە بە مەبەستی شاردنەوەی ڕاستییەکان و هەوڵدان بۆ ترساندنی ڕۆژنامەنووسانە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن و گێڕانەوەی فەلەستینیەکان نەگێڕنەوە.

ڕژێمی زایۆنی و حەماس بە ناوبژیوانیی قەتەر لەسەر ئاگربەستێکی ٤ ڕۆژە ڕێککەوتن کە هەینی ڕابردوو دوای نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لە شەڕ دەستی پێکرد و دوو جاریش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ و ڕۆژێک درێژکرایەوە.

چڕگەی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە گۆڕینەوەی زیندانییەکان و ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە بوو.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئاگربەستی کاتی، ڕژێمی زایۆنی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی (١ی دیسامبەر) هێرشەکانی لەدژی گەلی فەلەستین لە غەززە دەستپێکردەوە.

سەرپەیڤ