کاربەدەستی فەلەستینی: ڕژێمی زایۆنی هەوڵ دەدات بۆ کۆچاندنی خەڵکی باکووری غەززە
وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین بە ئاماژە بە سناریۆی دووپاتکراوی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە کوشتنی خەڵک لە نەخۆشخانەکانی غەززە وتی؛ تێلاڤیڤ لەدووی کۆچاندنی خەڵکی باکووری غەززەدایە.
"اشرف القدره" وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە دوێنێ سێشەممە وتی: ڕژێمی زایۆنی بە پەلاماردانی نەخۆشخانەکانی غەززە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هیچ ستافی دەرمانی و پزشکی لەم کەرتەدا نەمێنێ و دانیشتوانیش ناچار بە کۆچ کردن و بەجێ هێشتنی ناوچەکە بن. ئەلقودرە پێیداگرت؛ زایۆنییەکان نەخۆشخانەی ئەلعەودەیان گەمارۆ داوە، پەلاماری دەدەن، ڕێگا بە هاتووچووی نەخۆشخان و برینداران نادەن و ئاو و کارەبایشیان لێ بڕیوە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ستافی دەرمان و پزشکیی غەززە، ٣٢٦ کەسی تووشبوو بە پەتایان ناس کردووە، وتی کە ڕەوشی تەندرووسی و مرۆیی لە بینا و باڵاخانەکانی نیشتەجێ بوونی ئاوارەکان لەبەر بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی تووشکەر، گەلێک پڕمەترسییە و گیانی دانیشتوانی ئەم شوێنانە لە مەترسیدایە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین راشیگەیاند کە هێزی زایۆنی پاش گەمارۆدان و بۆردومان کردنی نەخۆشخانەی کەماڵ عدوان هێرشیان کردۆتە سەر ئەم نەخۆشخانەیە و ئەم ناوەندە دەرمانییە ئێستایش هەر لە گەمارۆدایە.
شایانی باسە زایۆنییەکان پێش ئەوەیش بە گەمارۆدان و بۆردومان کردنی نەخۆشخانەی ئەلمەعەمەدانی زیاتر لە هەزار فەلەستینییان شەهید کرد. وەزارەتی تەندرووستیی غەززە ڕایگەیاند لە دەسپێکی دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تا ئیستا ، ١٨ هەزار و ٤١٢ کەس شەهید بوونە و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیش بریندار بوونە.