کانونی یه‌که‌م 23, 2023 10:30 Asia/Tehran

شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژی کەرتی غەززە پێی ناوەتە حەفتا و حەوتەمین ڕۆژی خۆیەوە و داگیرکەران بەردەوامن لە کوشتنی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، تاڕادەیەک کە وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە کە ژماری شەهیدانی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی گەیشتۆتە زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید.

لە کاتێکدا کە سوپای ڕژێمی زایۆنی هێرشە ئاسمانی و زەوینیەکانی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە چڕتر و تووندتر کردۆتەوە، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردووە ژماری قوربانیانی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی گەیشتۆتە ٢٠ هەزار و ٥٧ شەهید و ٥٣ هەزار و ٣٢٠ بریندار.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە هەروەها ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٣٩٠ فەلەستینی دیکە لە هێرشەکانی زایۆنییەکاندا بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوونە و ٧٣٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

میدیا فەلەستینییەکانیش باسی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی خۆڕاگری و هێزەکانی رژێمی داگیرکەریان کردووە لە شارۆچکەی ئەلمەغراقە هەڵکەوتوو لە باکووری ئۆردوگای نەسیرات لە ناوەندی کەرتی غەززە. لە لایەکی دیکەوە هێرشی داگیرکەران بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی خان یونس و بۆردومانی بەنی سوهەیلا تووندتر بۆتەوە.

هەروەها ئۆتۆمبێلەکانی داگیرکەران لە دیوی ڕۆژاوای جەبالیاوە هەوڵی پێشڕەوی دەدەن و دەنگی تۆپباران و شەڕ و تەقە بەردەوام دەبیسترێت.

میدیا فەلەستینییەکان هەروەها ڕاپۆرتیان داوە کە ڕژێمی زایۆنی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەند ماڵێکی لە ناوچەی شێخ ڕزوان سەر بە شاری غەززە بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا ژمارێک فەلەستینی شەهید و برینداربوونە. هەروەها میدیا فەلەستینییەکان باسی شەڕ و پێکدادانی تووندی نێوان هێزەکانی خۆڕاگریی فەلەستین و سوپای داگیرکەر لە گەڕەکی شێخ ڕزوانیان کرد.

سەرپەیڤ