حەفتا و نۆهەمین ڕۆژی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و کەرتی ڕۆژاوا
شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژی فەلەستینییەکان و بەتایبەت کەرتی غەززە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەکاتێکدا پێی نایە حەفتا و نۆهەمین ڕۆژی خۆیەوە، کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ئەم ڕژێمە بەردەوام بوون لە بۆردومانی دڕندانەی ژنان و منداڵانی فەلەستینی.
تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی دوای ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا پێی ناوەتە ٧٩هەمین ڕۆژی خۆیەوە و ڕژێمی زایۆنی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ناوچە جیاجیاکانی غەززەی بۆردومان کرد، هێرش بۆ سەر پەناگە و کوشتنی ژنان، منداڵان و خەڵکی مەدەنیش هەر بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە قسە و شایەتیدانی شایەتحاڵان، بەڵگەگەلی سەلمێنەری ئیعدامی بەکۆمەڵیب زیاتر لە ١٣٧ شاروومەندی مەدەنی فەلەستینی لە غەززە و پارێزگاکانی باکووری کۆ کردۆتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە سوپای ڕژێمی داگیرکەر کەمپی تایبەت بە لەبەند کردنی فەلەستینییەکانیب لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە داناوە ، هەروەها هێزەکانی ئەم ڕژێمە چاڵگەلێکی گەورەیان هەڵکەندووە و دەیان فەلەستینییان داوەتە بەر دەسڕێژی گوڵلە و ڕژاندوویانەتە نێو ئەو چاڵانەوە و بە شۆڤەڵ خاکیان بەسەردا ڕژاندوونە و دایانپۆشیون.
ئەم ناوەندە ڕاشیگەیاند: ئەم تاوانانە لە غەززە و باکور دووبارە بوونەوە بە ئیعدام کردنی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە بەرچاوی بنەماڵەکانیان، هەروەها کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو ژنە دووگیانانەی لەسەر ڕێگای نەخۆشخانەی ئەلعەودە لە باکووری غەززەدا ئاڵای سپیان بە دەستەوە گرتبوو.
ڕژێمی داگیرکەر دوابەدوای ئەم شکستە سەربازییە، لە ڕۆژی دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقساوە، هێرشە بەردەوام و تاوانکارییەکانی، لەوانە بۆردومانی بەردەوامی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی، کوشتنی خەڵکی سڤیل، ژنان و منداڵان، جێبەجێکردنی سیاسەتی تاوانی جەنگی سزادانی بەکۆمەڵ وەک بڕینی ئاو و کارەبای فەلەستینییەکان لە غەززە، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان، ئەمبولانسەکان، قوتابخانەکان و پەناگە و حەشارگەکانی بە بەکارهێنانی بۆمبی قەدەغەکراو دەست پێ کرد.
لە بۆردومانی ماڵی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە لە شەوی رابردووە تا ئێستا ٤٠ فەلەستینی شەهید بوونە و دەیان کەسیش بریندار. لە لایەکی دیکەوە سوپای ڕژێمی زایۆنی دانیناوە بە کوژرانی ٤٨٥ سەرباز و ئەفسەری خۆی لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا. ١٥٨ کەسیان لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە زەوینیەکانی ڕژیمەوە کوژراون. هێزەکانی خۆڕاگری و لاوانی فەلەستینی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە چەکی گەرم و بۆمبی دەسکرد بەرەنگاری هێرشی زایۆنییەکان بۆ سەر شاری تولکەرم لە کەرتی ڕۆژاوابوونەوە. لە ئەنجامی بۆردومانی ماڵێک لە شاری دێر ئەلبەلح هەڵکەوتوو لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، ژمارێک فەلەستینی شەهید بوون و ژمارێکی دیکەش بریندار بوون.