ڕێکخراوی نەتەوەکان: رژیمی ئیسرائیل، ڕێگەنادا ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان دەستیان بە باکوری غەززە ڕابگات
ڕێکخەری کاروباری مرۆیانەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە سەرزەوینەکانی فەلەستین ڕایگەیاند؛ سوپای زایۆنی بەشێوەی سیستماتیک پێش دەگرن بە دەسڕاگەیشتنی ئەو ڕێکخراوەو ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان بەباکوری غەززە بەمەبەستی گەیاندنی یارمەتییەکان بە خەڵک.
"ئاندریا دی دۆمێنیکۆ"ی سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆیانەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە سەرزەوینەکانی فەلەستین وتی: هەڵمەتی فریاگوزاریی لەباکوری غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزکاوتر بووە.
لایەنی زایۆنیستی بەشێوەی سیستماتیک پێش دەگرێ بە دەسڕاگەیشتن بە باکوری غەززە.
ئەو کاربەدەستەی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتیشی: رژیمی زایۆنیستی بەو بیانووە کە لەوانەیە سوتەمەنی و گشت یارمەتییە نێردراوەکان بۆ کەرتی غەززە بگاتە دەست بزووتنەوەی حەماس، پێش دەگرێ بە دەرکرانی ئیزنی ناردنی یارمەتی بۆ نەخۆشخانەکانی باکوری غەززە.
سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆیانەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە غەززە هەروەها وتی: بەرپرسانی رژیمی ئیسرائیل ڕێگەمان پێ نادەن هیچ یارمەتیەک بخەینەبەردەست نەخۆشخانەکانی غەززەو، ئەوەش کردەیەکی تەواو نامرۆیانەیە.
نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆیانەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە غەززە ڕایگەیاند: لە یازدە رۆژی یەکەمی ساڵی دووهەزار و بیست و چوار، تەنیا پێنج پاکێجی یارمەتیی مرۆیانە لە کۆی بیست و چوار پاکێجی لەپێشدا بەرنامەڕێژی بۆکراو، گەیشتووەتە باکوری غەززە.